بەغداد – INA

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان سەباح نۆعمان، جەختی کردەوە کە سەردانی چاوەڕوانکراوی فەرماندەی گشتی بۆ واشنتن، هەنگاوێکی ستراتیژیی تەوەرەیی دەنوێنێت.

سەباح نۆعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند:"گەشتە فەرمییە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، عەلی فالح زەیدی، لەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵای عێراقی بۆ واشنتنی پایتەختی ئەمریکا، هەنگاوێکی ستراتیژیی تەوەرەییە و ڕەنگدانەوەی واقیعی نوێی عێراقە کە سەرڕێژە لە سەقامگیری، گەشەسەندن و سەروەری."

وتیشی: "عێراق لەم گەشتە نێودەوڵەتییەیدا لە پێگەی هێز و سەقامگیریی بەردەوامەوە دەستپێدەکات، بە پشتبەستن بە ڕاستییەکی گەورەی مەیدانی و سەروەری، ئەویش گواستنەوەی یەکلاکەرەوەی دەوڵەتە بەرەو قۆناغی بەهێزکردنی ئەمنی و گەشەپێدانی ستراتیژیی گشتگیر."

وتەبێژی فەرماندەی گشتی ئاماژەی بەوەش کرد کە "دیدگای گشتیی سەردانەکە لەسەر گرێدانێکی توندوتۆڵ لە نێوان پاراستنی دەستکەوتە ئەمنییەکان و پاڵنانی چەرخی گەشەی ئابووریدا دەوەستێت، بە شێوازێک کە ئاسۆیەکی فراوان لەبەردەم هاوبەشییە نێودەوڵەتییەکان و کۆمپانیا گەورە جیهانییەکاندا دەکاتەوە، ئەمەش لەپێناو کاراکردنی ئەو چوارچێوە ستراتیژییە هاوبەشانەی کە بەرژەوەندییە سەروەرییەکانی عێراق دەپارێزن و پاڵپشتی سەقامگیری ژینگەی وەبەرهێنانی ناوخۆیی دەکەن."

نۆعمان لە کۆتاییدا وتی: "ئەو کەشوهەوا ئەمنییە گشتگیرەی کە لەلایەن دەزگا سەربازییە نەبەردەکانمان و قوربانییە ئازایانەکانیانەوە سەپێنراوە، ئەمڕۆ بووەتە بنکەیەکی پۆڵایین و قەڵغانێکی پتەو بۆ بەدیهێنانی بازدانی جۆری لە بوارەکانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێداندا؛ بەو پێیەی ئامانجی ئەم جوڵە نێودەوڵەتییانە وەبەرهێنانی ئەم سەقامگیرییەیە بۆ دروستکردنی خۆشگوزەرانی و بنیاتنانی دامەزراوەی بەهێز و تۆکمەی دەوڵەت، تاوەکو عێراق وەک نموونەیەکی ناوچەیی بمێنێتەوە کە پەنجەی بۆ درێژ دەکرێت، ئەمەش بە دیدگایەکی نوێ و بێوێنە کە سەروەری دەپارێزێت و خۆشگوزەرانی بەدی دەهێنێت."