بەغداد – INA
وەزیری بازرگانی، مستەفا عانی، ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاشکرای کرد کە ڕێنماییەک ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی کراوە بۆ تەرخانکردنی بڕە پارەی مانگانە بە مەبەستی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی جوتیاران بۆ هەردوو وەرزی بەبازاڕکردنی ٢٠٢٥ و ٢٠٢٦.
عانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بڵاویكردهوه تێیدا ڕایگەیاند:"حکومەت بەردەوامە لە بەدواداچوونی مەلەفی خەرجکردنی شایستە داراییە کەڵەکەبووەکانی جوتیاران بۆ وەرزی بەبازاڕکردنی ساڵی ٢٠٢٥"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی، بایەخێکی ڕاستەوخۆ بەم مەلەفە دەدات."
ڕوونیشیکردەوە، کە "ڕێنماییەک هەیە بۆ وەزارەتی دارایی تاوەکو بڕە پارەی مانگانە تەرخان بکات بۆ خەرجکردنی شایستەکان و پاکتاوکردنی ئەو قەرزانەی کە کەوتوونەتە ئەستۆ"، هاوكات سوپاسی خۆشی ئاڕاستەی جوتیاران کرد بۆ ئارامگرتن و دانبەخۆداگرتنیان لە بەرامبەر دواکەوتنی خەرجکردنی شایستە داراییەکانیاندا.
وتیشی، "شایستە داراییەکانی وەرزی بەبازاڕکردنی ساڵی ٢٠٢٥ و وەرزی ئێستا، لە ڕیزی خەرجییە بنەڕەتی و یەکلاکەرەوەکانن کە جێگەی بایەخی حکومەتن و لە شێوەی گوژمەی مانگانەدا خەرج دەکرێن"، جەختیشی کردەوە کە "وەزارەتی بازرگانی هیچ گوژمەیەک دوا ناخات کە لە وەزارەتی داراییەوە بە دەستی بگات، بەڵکو ڕاستەوخۆ و لە خێراترین کاتدا دەست دەکات بە گواستنەوەی بۆ جوتیاران."
ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕێنماییداوە بە پێکهێنانی لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری ئابووری و ئەندامێتی بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی دانەوێڵە و بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی دارایی و کارگێڕی، بۆ بەدواداچوونی چڕی مەلەفەکە و هەماهەنگی بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی دارایی بە مەبەستی بەڕەڵاکردنی گوژمەی داهاتووی شایستەی دارایی جوتیارانی وەرزی بەبازاڕکردنی ساڵی ٢٠٢٥.
عانی ڕوونی کردەوە کە نووسراوێکی بەپەلەی واژۆ کردووە، بەپێی ڕێنماییەکانی سەرۆک وەزیران و ئەو وتووێژانەی لەم بارەیەوە ئەنجام دراون، بە ئامانجی تاودان و خێراکردنی بەڕەڵاکردنی گوژمەی داهاتووی شایستەی دارایی جوتیاران کە تایبەتە بە وەرزی بەبازاڕکردنی گەنم؛ دووپاتیشی کردەوە کە هەوڵەکان بەردەوامن بۆ مسۆگەرکردنی گەیشتنی سەرجەم شایستە داراییەکانی تایبەت بە هەردوو وەرزی بەبازاڕکردنی پێشوو و ئێستا بۆ دەستی خاوەن شایستەکان.
