بەغداد – INA – محەمەد داود
یانهی زەورا ، یەکەمین قۆناغی ئامادەکارییەکانی بۆ وەرزی نوێ دەستپێدەکات، ئەمەش وەک خۆسازدانێک بۆ شایستە ناوخۆیی و دهرهكییهكانی داهاتوو؛ هاوکات ئیدارەی یانەکەش جەختی لەسەر دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکانی سەرکەوتن بۆ ستافی هونەری کردووەتەوە، بە شێوازێک کە لەگەڵ پێگە و ناوبانگی یانەکە و خواست و چاوەڕوانییەکانی هاندەرانیدا بگونجێت.
ئەحمەد سەعید، بەڕێوەبەری مەکتەبی ڕاگەیاندنی یانەی زەورا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند:"ڕاهێنانەکانی تیمەکە لەسەر یاریگای تایبەتی زەورا بۆ ڕاهێنانەکان دەستپێدەکات، دواتریش تیمەکە ڕوودەکاتە کۆماری میسری عەرەبی بۆ سازدانی کەمپێکی ڕاهێنان کە ماوەی دوو هەفتە بخایەنێت، و تێیدا چەند یارییەکی دۆستانە ئەنجام دەدرێن لە چوارچێوەی بەرنامەی ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێ."
وتیشی، "ئیدارەی یانەکە پلانێکی گشتگیری داڕشتووە بۆ دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکانی سەرکەوتن بۆستافی هونەری بە ڕێبەرایەتی ڕاهێنەر باسم قاسم، بەتایبەتی کە تیمەکە لەم وەرزەدا لەبەردەم بەشدارییکردندایە لە چوار پاڵەوانێتی جیاوازدا، کە ئەوانیش: خولی ئەستێرەکانی عێراق، پاڵەوانێتی جامی عێراق، جامی سوپەر، و خولی پاڵەوانەکانی کەنداو؛ لە کاتێکدا ئامانجی سەرەکی بریتییە لە گەڕانەوە بۆ سەر سەکۆی نازناوەکان و ڕکابەریکردن لەسەر سەرجەم نازناوەکان."
سەعید ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئیدارەی یانەکە سەرجەم دەسەڵاتەکانی بەخشیوەتە ڕاهێنەر باسم قاسم لەوەی پەیوەندی بە هەڵبژاردنی لیستی تیمی یانەکەوە هەیە، چ لە دوورخستنەوەی هەندێک یاریزان یان بەستنی گرێبەستی نوێ، بە شێوازێک کە خزمەت بە دیدگای ستافی هونەری و پێداویستییەکانی قۆناغی داهاتوو بکات."
ڕوونیشیکردەوە کە "زەورا بەپێی ڕێنماییەکانی یەکێتی تۆپی پێی عێراق حەوت یاریزانی پیشەگەر لەخۆدەگرێت، بەو پێیەی تا ئێستا گرێبەست لەگەڵ سێ پیشەگەردا کراوە، کە ئەوانیش: شۆبانۆڤی ئۆزبەکستانی، کابێرێرای ئۆرۆگوایی، لەگەڵ باکای کۆنگۆیی کە لە وەرزی ڕابردووەوە هێڵراوەتەوە، لە کاتێکدا کارەکان بەردەوامن بۆ تەواوکردنی گرێبەست لەگەڵ چوار پیشەگەری دیکەدا."
جەختیشی کردەوە کە "ڕاهێنەر بەردەوامە لە تاوتوێکردنی چەندین بژاردە بۆ هەڵبژاردنی ئەو یاریزانە پیشەگەرانەی کە خاوەن توانایەکی هونەرین و لەگەڵ ناوی یانەی زەورادا دەگونجێن و هیوای هاندەرە زۆرەکانی بەدی دەهێنن، بە شێوازێک کە توانای تیمەکە بۆ ڕکابەریکردن لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکانی وەرزی داهاتوودا بەهێزتر بکات."


