بەدواداچوون - INA
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران محەمەد باقر قالیباف، ئەمڕۆ هەینی، جەختی لەوە کردەوە: کە ئەمریکا و قەوارەی زایۆنی و ناتۆ وایان لێکدەدایەوە کە دەتوانن ئێران ناچاری خۆبەدەستەوەدان بکەن، لە هەمانکاتدا ئاماژەی بەوەکرد: کۆتاییهێنان بە جەنگ لە پێشینەی کارەکانی وڵاتانی جیهاندایە.
قالیباف لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ئەمریکا و قەوارەی زایۆنی و ناتۆ پێش جەنگی کۆتایی وایان لێکدەدایەوە کە دەتوانن لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا ئێران ناچاری خۆبەدەستەوەدان بکەن".
وتیشی: "ئەمریکا و قەوارەی زایۆنی و ناتۆ زۆر خێرا درکیان بەوە کرد کە ناگەنە ئامانجەکانیان، و جیهانیش بینی کە ئەوان لەبەردەم ئێراندا شکستیان هێنا".
قالیباف لە درێژەی قسەکانیدا ئاشكرایكرد: "لە کاتی دانوستانەکاندا بە جێگری سەرۆکی ئەمریکام گەیاند کە ئێمە بە هیچ شێوەیەک متمانەمان بە ئێوە نییە"، و جەختیشیکردەوە: "ئێمە چرکەیەکیش لە ئامادەکاری بۆ بەرگریکردن لە وڵاتەکەمان درێغیمان نەکردووە، و لە هەر ساتێکدا ئەمریکییەکان خیانەت لە لێکتێگەیشتنەکە بکەن، ئێمە ئامادەین بۆ بەرگرییەکی هەمەلایەنە".
قالیباف ئاماژەی بەوەشکرد: "کۆتاییهێنان بە جەنگ لە پێشینەی کارەکانی وڵاتانی جیهاندایە، بەڵام دەبێت هەمووان بزانن کە ئەم ململانێیە هەرگیز بە خۆبەدەستەوەدانی ئێران کۆتایی نایەت".

