بەغداد – INA – ئەمنە سەلامی

وەزارەتی کشتوکاڵ، ئەمڕۆ هەینی، جەختی لەسەر هەڵبژاردنی ئەو زەوییانە کردەوە کە بەرهەمدار نین و لە سەنتەری شارەکانەوە نزیکن بۆ جێبەجێکردنی دەستپێشخەریی نیشتمانیی ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون، و تەئكیدیشی لەسەر پابەندبوونی تەواو بەو بڕیارانە کردەوە کە ڕێگری لە تێکدان و ڕاماڵینی زەوییە کشتوکاڵییەکان و باخەکان دەکەن.

مەهدی سەهر جبووری، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: "سەرۆک وەزیران دەستپێشخەریی نیشتمانیی ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوونی، بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی وەزیری کشتوکاڵ، لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بەدەر لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند؛ بە مەبەستی دابەشکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون بەسەر چین و توێژە شایستەکاندا بەپێی چوارچێوە یاساییە پەسندکراوەکان، و بە شێوازێک کە لەگەڵ پێداویستییەکانی گەشەی ئاوەدانی و شارستانیدا بگونجێت، بە مەرجێک تەرخانکردنی ئەم زەوییانە دژایەتی لەگەڵ بەکارهێنانە کشتوکاڵییە بەرهەمدارەکاندا نەبێت".

جبووری دەڵێت: "وەزارەتی کشتوکاڵ بە توندی لە چوارچێوەی یاسایی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (50)ی ساڵی 2016 کاردەکات، کە بە ڕوونی دەقەکەی هاتووە لەسەر قەدەغەکردنی تێکدان و ڕاماڵینی زەوییە کشتوکاڵییەکان و باخەکان، یان تەرخانکردنیان بۆ غەیری مەبەستی کشتوکاڵی".

ئاماژەی بەوەشکرد: کە "ئەم دەستپێشخەرییە بە هەماهەنگی نێوان هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاوەدانکردنەوە، و بەڕێوبەرایەتییەکانی کشتوکاڵ لە پارێزگاکان، و پارێزگارەکان، سەرەڕای فەرمانگەی زەوییە کشتوکاڵییەکان جێبەجێ دەکرێت؛ بە مەبەستی جیاکردنەوە و هەڵبژاردنی ئەو زەوییانەی کە بەرهەمدار نین و لە شارەکانەوە نزیکن، و تەرخانکردنیان بۆ هاووڵاتییان لە چوارچێوەی دەستپێشخەرە نیشتمانییە گەورەکەدا".