بەغداد – INA – ئەمنە سەلامی
وەزارەتی ناوخۆ، ئەمڕۆ هەینی، داوای لە هاووڵاتییان کرد ژمارەی یەکگرتووی (911) بەکاربهێنن، و لەکاتێکدا جەختی کردەوە کە زانیاری و سکاڵاکانی هاووڵاتییان بەشدارن لە پووچەڵکردنەوەی تاوانەکان و بەهێزکردنی ئاسایش.
عەقید محەمەد عەلی حەسۆن، وتەبێژی فەرمی بەناوی وەزارەتی ناوخۆ بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: "پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانیی هاوبەشە"، جەختیشیکردەوە کە "دانی زانیاری لەسەر تاوان یان هەر چالاکییەک کە هەڕەشە لە ئاشتی کۆمەڵایەتی بکات، ئەرکێکی نیشتمانی و ئەخلاقییە و ڕەنگدانەوەی هۆشیاری هاووڵاتی و تێگەیشتنیەتی بۆ بەرپرسیارێتییەکەی لە پاراستنی نیشتمان و کۆمەڵگاکەی".
حەسۆن ئاماژەی بەوەشکرد: "تاوان تەنها بە ئەنجامدانی کردەوە تاوانکارییەکە دەست پێناکات، بەڵکو ڕەنگە نیشانە، جووڵە و ڕەفتاری گوماناوی پێش بکەوێت"، ڕوونیشیکردەوە کە "دەستپێشخەری بۆ ئاگادارکردنەوە لە کاتی گونجاودا، هێڵی یەکەمی بەرگرییە بۆ پووچەڵکردنەوەی نەخشە تاوانکارییەکان، و هێزە ئەمنییەکان توانادار دەکات کە ڕێکاری یاسایی پێویست بگرنەبەر پێش ئەوەی ئەو نیشانانە بگۆڕێن بۆ تاوانێک کە دەستکاری ئاسایش و سەلامەتی هاووڵاتییان بکات".
وتیشی: "وەزارەتی ناوخۆ سەیری هاووڵاتی دەکات وەک هاوبەشێکی سەرەکی لە سیستەمی ئەمنیدا، و سەرکەوتنی پلانە ئەمنییەکان تەنها بەند نییە بە توانای تەکنیکی و مەیدانییەوە، بەڵکو بەستراوەتەوە بە چەسپاندنی کولتووری بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی متمانەی دوولایەنە لە نێوان هاووڵاتی و پیاوی ئاسایشدا، چونکە ئەمە کۆڵەکەی سەرەکییە بۆ سیستەمێکی ئەمنی کە بتوانێت ڕووبەڕووی تەحەدییاتە جیاوازەکان ببێتەوە".
ئەوەشی خستەڕوو: "هەر زانیارییەکی ئەمنی، هەرچەندە سادەش دیار بێت، ڕەنگە بەشدار بێت لە ئاشکراکردنی تۆڕێکی تاوانکاری، یان ڕێگریکردن لە کردەوەیەکی تیرۆریستی، یان پووچەڵکردنەوەی تاوانێکی ڕێکخراو، یاخود ڕزگارکردنی ژیانی بێتاوانەکان"، جەختیشی کردەوە کە "خێرایی لە گەیاندنی زانیاری، باڵادەستی و پێشینەیی دەداتە ئامێرە ئەمنییەکان لە جووڵە و وەڵامدانەوەدا، و دەرفەتەکانی ڕێگریکردن لە تاوان پێش ڕوودانی دوو هێندە دەکات".
حەسۆن تەئكیدیکردەوە: "وەزارەتی ناوخۆ بە نهێنییەکی تەواوەوە و بەپێی چوارچێوە یاسایی و پیشەیییەکان مامەڵە لەگەڵ سەرجەم پەیوەندی و زانیارییەکاندا دەکات"، و داوای لە "هاووڵاتییان کرد کە ژمارەی یەکگرتووی (911) بەکاربهێنن بۆ ئاگادارکردنەوە لە هەر حاڵەتێک کە پێویستی بە دەستوەردانی ئەمنی هەبێت".

