بەغداد – INA
تیمی نیشتمانی بۆ پڕۆژەکانی وزەی نوێبووەوە، ئەمڕۆ هەینی، جەختی لەسەر ڕوو لە زیادبوونی پێشوازی هاووڵاتییان کرد بۆ کڕینی سیستەمەکانی وزەی خۆر وەک جێگرەوەیەک کە پاڵپشتی تۆڕی نیشتمانی دەکات و بەهۆی ئارەزووی دەستبەرداربوون لە مۆلیدە ئەهلییەکان.
نەسیر کەریم قاسم، سەرۆکی تیمەکە، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: "وزەی خۆر بووەتە بژاردەیەکی بەردەست بە نرخێکی گونجاو بۆ هاووڵاتییان بەپێی توانای ئابووری جیاوازیان"، ئاماژەی بەوەشکرد: کە "پێداویستی ماڵێکی مامناوەند لە ئێستادا دەگاتە دوو پاتری بە توانای 15 کیلۆوات کاتژمێر بۆ دابینکردنی بارگرانییە سەرەکییەکان لە هاویندا و دابینکردنی نزیکەی 12 ئەمپێر بۆ ماوەی 4 کاتژمێر، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە کاتەکانی بڕانی کارەبایان دەگاتە 5 کاتژمێر بەرامبەر بە یەک کاتژمێر پێدانی کارەبا".
قاسم هۆشداریدا: لە "کەمکوڕییەکی تەکنیکی باو کە هاووڵاتییان ڕووبەڕووی دەبنەوە؛ ئەویش بریتییە لە بەرزبوونەوەی زۆری تەزووی شەحنکردنەوە لەکاتی گەڕانەوەی کارەبای نیشتمانی بۆ ماوەی یەک کاتژمێر لەکاتێکدا پاترییەکان خاڵین، ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزین و بەرزبوونەوەی توندی ڤۆڵتیە کە زیانی قورس بە ئامێرەکانی (ئێنفێرتەر) دەگەیەنێت و ناچاریان دەکات بەردەوام چاکی بکەنەوە، ئەمەش پێویستی بە چارەسەرکردنی ئەو بارگرانییە داراییە زیادەیە هەیە لە ڕێگەی بەکارهێنانی ڕێکخەری تایبەتی ڤۆڵتیەوە".
سەبارەت بە ئەگەری فرۆشتنی وزەی خۆری زیادەی ماڵان بە دەوڵەت، ڕوونیکردەوە: "ئەم پرۆسەیە سەرەتا پێویستی بە بەدیهێنانی خۆژێنی و جێگیربوونی تۆڕی نیشتمانی هەیە، ئەمەش بابەتێکە کە بە یاسایەکی ڕاگیراو لە ئەنجومەنی نوێنەران لە خولی پێشووەوە ڕێکدەخرێت بۆ ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان هاووڵاتی بەرهەمهێنەر و کەرتی دابەشکردن، بەڵام ئەمە پێویستی بە سەرلەنوێ نۆژەنکردنەوەی کەرتی دابەشکردن و نوێکردنەوەی ژێرخان و سیستەمە ئەلیکترۆنییەکان هەیە".
لە چوارچێوەی ڕۆڵی چاودێری بەسەر کۆمپانیاکاندا، قاسم جەختیکردەوە: کە "کۆمپانیا عێراقییەکان لەم کەرتەدا هێشتا نوێن و ئەزموونی کارکردنی هاوشێوەیان لەناو فەرمانگەکانی دەوڵەتدا نییە بەپێی ڕێنماییەکانی گرێبەستە حکومییەکان، ئەمەش وایکردووە ئیستسنای یاسایی وەربگیرێت بۆ پێگەیاندنیان"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "تیمەکە بانگهێشتی ڕاستەوخۆی ئاراستەی سەدان کۆمپانیا کردووە و وردبینی لە بەڵگەنامەکانیاندا کراوە و پابەندکراون بە تایبەتمەندییە جیهانییەکان، ئەمەش بووەتە هۆی جێبەجێکردنێکی نایاب و بەدەستهێنانی هەڵسەنگاندنی بەرز لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە بۆ ئەو پڕۆژانەی لە قوتابخانەکاندا جێبەجێکراون".


