دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ نیویۆرک پۆست ئاماژەی دا بە پلانە بەردەوامەکانی ئێران بۆ کوشتنی.

سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند، ''ئەگەر ئەمە ڕووی دا، ڕێنمایی پێویستم بەجێ هێشتووە بۆ ئەوەی بە جۆرێک بۆمبارانیان بکەن کە هەرگیز پێشتر نەیاندیبێت.''

وتیشی، ''پلانی تیرۆرکردنی من لە لایەن ئێرانەوە شتێکی نوێ نییە و دەمێکە هەوڵ دەدەن.''

ئەمەش دوای ئەوە هات کە ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ ڕۆژی پینجشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد کە ئیسرائیل زانیاری هەواڵگری داوە بە ئەمەریکا سەبارەت بە پلانێکی تازەی ئێران بۆ تیرۆرکردنی سەرۆکی ئەمەریکا.

دۆناڵد ترامپ ڕۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆشدا ئاماژەی بە هەمان بابەت کرد و ڕایگەیاند کە مەترسی ڕژد لەسەر ژیانی هەیە و لە ژمارە یەکی ئامانجی ئێرانییەکاندایە.