بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی واڵ ستریت جۆرناڵ، حکومەتی ئیسرائیل لەم ماوەیەدا زانیاری هەواڵگری داوە بە حکومەتی ئەمەریکا کە ئاماژەن بە هەوڵێکی نوێی ئێران بۆ کوشتنی سەرۆک دۆناڵد ترامپ.

سەرچاوەیەک لە ڕاپۆرتەکەدا ڕایگەیاندووە ئیسرائیل ئەم هەفتەیە زانیاری لەسەر ئەو پلانەی ئێران بە ئەمەریکا داوە. سەرچاوەیەکی تر گوتویەتی حکومەتی ئەمەریکا چەند هەفتەیەکە زانیاری هەواڵگری لەسەر ئەگەرێکی وەها پێگەیشتووە، بەڵام هۆشدارییەکەی ئیسرائیل تازە بووە و تایبەت بووە بە پلانێکی دیاریکراو.

دەربارەی ئەم هەواڵە ئاژانسی فۆکس نیوز و سی ئێن ئێن پەیوەندییان بە کۆشکی سپییەوە کردووە. بەرپرسێکی کۆشکی سپی ئاماژەی داوە بە لێدوانەکانی ڕۆژی چوارشەممە لەلایەن سەرۆک ترامپەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە، سەبارەت بە ئێران ڕایگەیاند، "دەیانەوێت من وەک سەرۆکی ئەمەریکا بکوژن. من لەو لیستەدام. ئەم بەیانییە بینیم کە من لە هەموو لیستەکانی کوشتنی ئەواندام. وابزانم تاڕادەیەک بەختم هەبووە کە نەکوژراوم، بەڵام ڕەنگە ئەو بەختەش زۆر بەردەوام نەبێت. ئەمانە خەڵکانێکی خراپ و نەخۆشن. دەبێت ئەم شێرپەنجەیە لە بنەڕەتەوە دەر بهێنین...دەبێت ئەو شێرپەنجەیە لە قۆناغی سەرەتادا لەناو بەرین، من وەها هەست دەکەم."

ڕاپۆرتەکەی واڵ ستریت جۆرناڵ لە کاتێکدایە سەرۆک ترامپ و سەرۆکوەزیریانی ئیسرائیل لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هەڵوێستیان سەبارەت بە پرسی ئێران جیاوازی تێکەوتووە. سەرۆک ترامپ ڕایگەیاندووە هەلێکی ڕێککەوتنی ئاشتی دەدات بە ئێران، بەڵام سەرۆکوەزیران نەتانیاهو ویستی حکومەتەکەی بۆ بەردەوامیدان بە هێرشەکان دەربڕیوە.

نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند ترامپ و نەتانیاهو ڕۆژی پێنجشەممە پەیوەندییەکیان ئەنجام داوە، تێیدا هاوڕابوون لەسەر هەماهەنگی نێوانیان.