بەغداد - INA
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران عەلی فالح زەیدی، ئەمڕۆ هەینی، سەنتەری "ڕەحمان" بۆ تیشکی لەرەلەری موگناتیسی و سیتی سکانی لولپێچی لە نەخۆشخانەی ئیبن بەیتار کردەوە، و جەختی لەسەر گرنگیدانی حکومەت بە پەرەپێدانی کەرتی تەندروستی کردەوە، هاوکات ڕێنماییدا کە دروشمی ئەم قۆناغە "تەندروستی لە پێشینەیە" بێت.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران عەلي فالح زەیدی، ئەمڕۆ هەینی، سەنتەری ڕەحمان بۆ تیشکی لەرەلەری موگناتیسی و سیتی سکانی لولپێچی لە نەخۆشخانەی ئیبن بەیتار بۆ نەشتەرگەری دڵ لە بەغدادی پایتەخت کردەوە، کە لە جۆری خۆیدا یەکەمە لەسەر ئاستی عێراق، بەهۆی ئەو سیستەمە دەستنیشانکارییە پێشکەوتووەی کە تێیدایە و بە نوێترین تەکنەلۆژیای پزیشکی جیهانی دادەنرێت و ژیری دەستکرد لە بەشەکانیدا بەکاردەهێنێت، ئەمەش لە چوارچێوەی ئاراستەی حکومەتدایە بۆ هێنانەکایەی بازدانێکی جۆری لە کەرتی تەندروستی و خۆماڵیکردنی خزمەتگوزارییە پزیشکییە پێشکەوتووەکان لە ناوخۆی وڵاتدا.
هەر بە گوێرەی بەیاننامەكە، زەیدی بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی، بەسەرکردنەوەیەکی لە بەشەکانی سەنتەرەکەدا ئەنجامدا، کە تێیدا لە نزیکەوە ئاگاداری ئامێرە هاوچەرخەکان، میکانیزمەکانی کارکردن و خزمەتگوزارییە پێشکەشکراوەکان بوو، و جەختیکردەوە: ئەم تەکنەلۆژیا پێشکەوتووانە وەبەرهێنانێکی ڕاستەقینەن لە تەندروستی هاوڵاتیاندا، و بەشداردەبن لە بەرزکردنەوەی کارامەیی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان، خێراکردنی ڕێکارە پزیشکییەکان، و کەمکردنەوەی پێویستی گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات بەمەبەستی ئەنجامدانی پشکنینە پسپۆڕییەکان، ئەمەش بارگرانی دارایی و دەروونی لەسەر نەخۆشەکان کەمدەکاتەوە.
هاوكات سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە و ستافی باڵای کارگێڕی کۆبووەوە، و ڕێنماییدا کە خزمەتگوزارییەکانی سەنتەرەکە بە تەواوی بەخۆڕایی بن و بە درێژایی ٢٤ کاتژمێر کار بکات، لەگەڵ پشتبەستن بە سیستەمێکی ئەلیکتڕۆنی تایبەت بە سەنتەرەکە بۆ پێشوازیکردن لە داواکاری نەخۆشەکان و ڕێکخستنی کاتی چاوپێکەوتنەکان، بە شێوازێک کە خێرا ڕاییکردنی پشکنینەکان مسۆگەر بکات، ڕێگری لە حاڵەتەکانی دواکەوتن بکات، و دادپەروەری و شەفافییەت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکەدا بەدی بهێنێت.
هەروەها سەرۆك وەزیران تەئكیدی لەسەر گرنگیدانی حکومەت بە پەرەپێدانی کەرتی تەندروستی کردەوە و ڕێنماییدا کە دروشمی ئەم قۆناغە "تەندروستی لە پێشینەیە" بێت، و کار بکرێت بۆ بەهێزکردنی ئاستەکانی چاودێری تەندروستی و دابینکردنی نوێترین ئامێر و تەکنەلۆژیای پزیشکی لە دامەزراوە تەندروستییەکاندا، بۆ گەرەنتی کردنی بەدەستهێنانی خزمەتگوزاری چارەسەری و دەستنیشانکاری گشتگیر لەلایەن هاوڵاتی عێراقییەوە لەناو وڵاتەکەی خۆیدا، بەپێی ئەو پێوەرانەی کە لەسەر ئاستی جیهانیدا پەسەندکراون.
هاوكات سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەسەر گرنگی بەردەوامبوون لە پەرەپێدانی بەڕێوەبردنی دامەزراوە تەندروستییەکان کردەوە، و سوودوەرگرتن لە شارەزایی کۆمپانیا جیهانییە پسپۆڕەکان لە بواری بەڕێوەبردنی نەخۆشخانەکاندا، هاوشانی خێراکردنی دامەزراندنی سندوقێک بۆ نەخۆشییە سەختەکان، کاراکردنی ڕۆڵی بەڕێوەبەرایەتی پشکنین و چاودێری لە وەزارەتی تەندروستی، و گرنگیدان بە پسپۆڕییە پزیشکییە دەگمەنەکان. ئاماژەی بەوەشدا: کە بنیاتنانی سیستەمێکی تەندروستی پێشکەوتوو تەنها کورت نابێتەوە لەسەر دروستکردنی باڵەخانە یان دابینکردنی ئامێری هاوچەرخ، بەڵکو لەسەر بنەمای بەڕێوەبردنی لێهاتوو، ستافی شایستە، و حوکمڕانییەکی دروست وەستاوە.
لەلایەن خۆیانەوە، پزیشکان، ستافی تەندروستی و کارمەندانی نەخۆشخانەی ئیبن بەیتار بۆ نەشتەرگەری دڵ، سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ ئەو گرنگیدانە دەربڕی کە بەڕێزیان نیشانی دەدات، کە وەک پەیامێکی پاڵپشتییە بۆ دامەزراوە تەندروستییەکان و ستافە پزیشکییەکان، و ئاگاداربوونی مەیدانییە لە پێداویستییەکانی نەخۆشخانەکە و داواکارییەکانی گەشەپێدانی خزمەتگوزارییەکانی.
