هێزەکانی پاراستنی ئیسرائیل ڕایانگەیاند، فەرماندەیەکی شانەی نوخبەی حەماسیان لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە باشووری غەززە کوشتووە.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی سوپای ئیسرائیل، فەرماندەی حەماس یەحیا سەعید حەمادە، کە لە کاتی ڕووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەردا لە هێرشکردنە سەر بنکەی سەربازیی ڕەعیم بەشدار بووە، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کوژراوە.
ئیسرائیل دەڵێت لە مانگەکانی ڕابردوودا ئەو فەرماندەیە بەردەوام بووە لەسەر هێرشکردنە سەر سەربازانی ئیسرائیل و هەوڵی بەهێزکردنەوەی توانای شەڕکردنی حەماسی داوە.
لە بەیاننامەیەکی دیکەدا، سوپای ئیسرائیل ئاماژەی دا بە دۆزینەوەی کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی حزبوڵا لە "ناوچە ئاسایشییەکان" لە باشووری لوبنان.
ئیسرائیل دەڵیت چەکەکان پێکهاتبوون لە مووشەک و موشەکهاوێژ، دۆشکە، تەقینەوە و چەند چەکێکی تر.
سوپاکە دەڵێت ئەو کۆگایەی حزبوڵایان لەناوبردووە، کە بۆ مەبەستی هێرشکردنە سەر خەڵک و سەربازانی ئیسرائیل ئامادە کرابوو.

