بەغدا – INA– محەمەد تاڵبی

ئەمانەتی بەغدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، نزیکبوونەوەی کاتی کردنەوەی پڕۆژەی "حەوت یەکە"ی لە ناوچەی ڕوستومییە ڕاگەیاند، کە تایبەتە بە چارەسەرکردنی ئاوی ئاوەڕۆ. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەکە بەشدارییەکی بەرچاوی دەبێت لە کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە و پاککردنەوەی ئاو پێش ئەوەی بڕژێتە ناو ڕووبارەکانی دیجلە و دیالە.

عودەی جەندیل، وتەبێژی ئەمانەتی بەغدا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ڕایگەیاند: "ئەمینداری بەغدا گەشتێکی مەیدانی بۆ دوو پڕۆژەی ستراتیژیی پاککردنەوە و چارەسەری ئاوەڕۆ ئەنجام داوە. پڕۆژەی (حەوت یەکە ) لە ڕوستومییە گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەکرێتەوە."

جەندیل ڕوونی کردەوە کە توانای بەرهەمهێنانی ئەم پڕۆژەیە دەگاتە ١٠٥ هەزار مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا کە سێیەم فراوانکارییە بۆ پڕۆژەی ڕوستومییە بە مەبەستی زیادکردنی توانای وەرگرتنی بڕە زۆرەکەی ئاوەڕۆی شارەکە. وتەبێژەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمانەت لە ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی ئاستەنگێکی گەورە بووەتەوە؛ چونکە دوای ساڵی ٢٠٠٣ حکومەتەکان گرنگییان بە پڕۆژەی ئاوەڕۆ نەداوە، لە کاتێکدا بەرهەمهێنانی ئاوی خواردنەوە لە ١٩٠٠ مەتر سێجاوە بۆ٤ ملیۆن و ٢٥٠ هەزار مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا زیادی کردووە، بەبێ ئەوەی وێستگەی پێویست بۆ چارەسەری ئەو بڕە زۆرەی ئاوەڕۆ دروست بکرێت.

هەروەها ئاشکرای کرد کە کارکردن لەو پڕۆژانەی لە ساڵی ٢٠١٤وە وەستابوون دەستی پێکردووەتەوە، لەوانە پڕۆژەیەک کە بەهۆی سەرپێچییەوە پەکیکەوتبوو و لە کۆتایی ٢٠٢٥ دەستبەکاربووەتەوە و ئێستا ١٠٪ی تەواو بووە. هەروەها دوو پڕۆژەی تری گەورە لە ئارادان:

١. پڕۆژەی ئەلبووعیسە: بە توانای ٣٥١ هەزار مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا (لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە).

٢. هێڵی جێگرەوەی قەناتی شورتە: بە توانایەکی زەبەلاح کە دەگاتە ١ ملیۆن و ٢٠٠ مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا، کە دیزاینەکانی تەواو بووە و ئامادەیە بۆ سپاردن بە کۆمپانیاکان.

جەندیل جەختی کردەوە کە ئەم کۆمەڵە پڕۆژەیە پێکەوە دەبنە هۆی کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی دۆسیەی ئاوەڕۆی بەغدا، بەڵام بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە پێویستییان بە دابینکردنی بودجە و نەختینەی دارایی بەردەوام هەیە.