بەشێک لە چاودێرانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنن، هێنانی تەرمی خامنەیی بۆ عێراق، لەپاڵ ئەوەی کە دەوترێت نەریتێکی دینییە، بەڵام لە ناوەرۆکدا هەڵگری پەیامی سیاسی ئێرانیەکانە بۆ عێراق و دەرەوە، کە مەبەست لێی مانەوەی هەژموونی ئێرانە بەسەر عێراق و هاوردەی کێشەکانیەتی بۆ ئەو وڵاتە.
شەوی 8ـی مانگی حەوت تەرمی عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای پێشووی کۆماری ئیسلامی ئێران گەیێنرایە شاری نەجەف لە عێراق و دوای ئەنجامدانی مەراسیم بۆ ڕۆژی دواتر برایە کەربەلا. لە پاش هێشتنەوەی تەرمەکە بۆ 24 کاتژمێر لە عێراقدا، نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمرۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند تەرمەکەی گەڕێنراوەتەوە بۆ ئێران. دواتر تەرمەکەی بەڕێکرا بۆ مەشهەد بە مەبەستی ناشتنی.
لەتیف فاتیح فەرەج، چاودێرێکی سیاسی، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "لە پاڵ ئەوەی شیعەکان نەجەف بە ناوەندی پیرۆزی و دینی خۆیان دەزانن، بەڵام لە ڕاستیدا هێنانی تەرمی خامنەیی پەیامێکی سیاسی گەورەی لە پشتە کە مێژووەکەی بۆ سەدان ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. لەلایەکی تریش ئێران وەک هەمیشە دەیەوێت بەشێک لە کێشەکانی هاوردەی عێراق بکات."
بە پێی ئاماری سەرچاوە فەرمیەکانی عێراق، یەک ملیۆن و 300 هەزار کەس بەشداری مەراسیمەکە لە نەجەف بوون. بەشێکی زۆر لە بەرپرسانی باڵای عێراقیش ئامادەی مەراسیمەکە بوون.
پاێزەرێک دەڵێت، تەنها گەلانی عێراق زەرەرمەندی ئەم دۆخەن.
پارێزەر ڕازاو گوڵی بە دەنگی ئەمەریکای وت، "ئەمە ناکۆکی مەزهەبی لە عێراق تۆختر دەکاتەوە و لەلایەکی تریش عێراق لە دەوڵەتی مەدەنی دوور دەخاتەوە، بۆیە هاووڵاتییانی عێراق دەبێت بۆ چەندنین دەیەی تر باجەکەی بدەن."
لە دوای ڕووخانی ڕژێـمی بەعسەوە، ئێران هەژموون و کاریگەری خۆی لە ڕووی سیاسی و سەربازی و ئابوریەوە بەسەر عێراقدا سەپاندووە. ئەمەریکا لەسەر ئەم پرسە چەندین جار هۆشداری بە کابینە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق داوە.
سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی کە کەمتر لە سێ مانگە ڕاسپێراوە بۆ پێکهێنانی کابینەی شەشەمی حکومەتی عێراق، بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە دەبێت هەژموونی دەوڵەت بگەڕێتەوە و دەستێوەردانی دەرەکی لە ڕێگەی گرووپە چەکدارەکانەوە نەمێنێت.
ئەبوبەکر هەڵەدنی، چاودێری سیاسی، بە دەنگی ئەمەریکا وت، "زەیدی دەیەوێت بە جۆرێک هەنگاو بنێت کە عێراق خاوەنی سەرەوەری خۆیەتی و هەژموونی ئێران کەم بکاتەوە. بەدواداچوونی دۆسیەی گەندەڵی و دەستگیرکردنی گەندەڵکاران، داماڵینی چەک لە گرووپە توندڕەوەکان و سەردانەکەی بۆ واشنتن ئاماژەی باشن. دەیەوێت پشتیوانی ئەمەریکا بۆ کابینەکەی بەدەستبهێنێت."
لەگەڵ ئەوەی بەشێکی زۆر لە بەرپرسانی سیاسی باڵای عێراق بەشداری پرسەی خامنەیی بوون لە ئێران، بەڵام جیاواز لە هەموان سەرۆکوەزیران نەچوو بۆ تاران و هاوبەشی پرسەی ئێرانیەکانی نەکرد، کە بەڕای چاودێران هەڵگری پەیامێکی قوڵە بۆ ئێرانیەکان.
شۆڕش ئەمین، چاودێری سیاسی، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "هەڵویستەکانی سەرۆکوەزیران زۆر گرنگن؛ یەکەم بەوەی خۆی بەشداری نەکرد لە مەراسیمەکە لە تاران. دووەم بە ئێرانییەکانی وت تەنها 24 کاتژمێرتان هەیە لە عێراقدا مەراسیمی خامنەیی ئەنجام بدەن. رێگەشی نەدا تەرمەکە بهێنرێتە بەغداد، جگە لەوەی بڕیاریداوە بەرپرسە سەربازی و ئەمنیەکانی ئێران تەنها بە شێوەی فەرمی و پڕۆتۆکۆڵی بێنە عێراق. ئەمانە هەمووی هەنگاوی زۆر گرنگ و ئەرێنین."
