بەغداد – INA

ئیدارەی سەکۆی (إيضاح)ی فەرمی، ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕایگەیاند: دەنگۆی بڵاوکردنەوەی فۆرمی پێشکەشکردن بۆ وەرگرتنی پارچە زەوی دوورە لە ڕاستییەوە.

ئیدارەی سەکۆکە لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "چەند پەیج و ئەکاونتێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا گرتەیەکی ڤیدیۆییان بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا بانگەشەی ئەوە دەکرێت فۆرمێک بۆ پێشکەشکردن و وەرگرتنی پارچە زەوی لە ڕێگەی کەناڵێکی ئەپڵیکەیشنی (تێلیگرام)ەوە بە ناوی 'مجلس الوزراء العراقي' ڕاگەیەندراوە، کە لینکێکی فۆرمەکە و ژمارەیەکی پەیوەندیکردنی پێوە لکێنراوە، لەگەڵ بانگەشەی ئەوەی کە ئەولەویەت دەدرێت بەو کەسانەی کە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، هەروەها کەسوکاری شەهیدان، برینداران و هاووڵاتیانی شایستە".

له‌ درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە: "ئەم بانگەشەیە ساختەیە، چونکە هیچ ڕاگەیاندنێکی فەرمی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران یان ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە سەبارەت بە کاراکردنی فۆرمی پێشکەشکردن بۆ پارچە زەوی دەرنەچووە"، ڕوونیشیکردەوە: کە "ئەو کەناڵەی تێلیگرام کە ناوی 'مجلس الوزراء العراقي'ـی هەڵگرتووە و یوزەرنامەکەی (wazar18)ە، کەناڵێکی ساختەیە و فەرمی نییە، پەیوەندی بە ئەنجومەنی وەزیران یان ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە نییە و نوێنەرایەتی هیچ لایەنێکی حکومی فەرمی ناکات".

ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئەم کەناڵە ساختەیە ڕیکلام بۆ فۆرمێکی ساختە دەکات لە ڕێگەی لینکێکی نەناسراوەوە، بۆیە ئامۆژگاری هاووڵاتیان دەکرێت کە فۆرمەکە پڕ نەکەنەوە و هیچ زانیارییەکی کەسی خۆیان تێدا تۆمار نەکەن، تەنها پشت بە پەیج و ماڵپەڕە فەرمییەکان ببەستن لە کاتی ڕاگەیاندنی هەر فۆرم یان خزمەتگوزارییەکی حکومیدا". هەروەها ڕوونکراوەتەوە: کە "دوای بەدواداچوون دەرکەوتووە کە قاڵبی ڤیدیۆیی کەناڵی عێراقیە نیوز بەکارهێنراوە، لەگەڵ زیادکردنی تۆمارێکی دەنگی کە زانیاری چەواشەکاری تێدایە، کە نە لەلایەن کەناڵەکەوە دەرچووە و نە بڵاویشکراوەتەوە".