بەدواداچوون - INA
سەرکردەکانی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە بەیاننامەی کۆتایی لووتکەکەدا، ئەمڕۆ چوارشەممە، جەختیان لەسەر پێویستی نەبوونی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە کردەوە.
هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە بەیاننامەی کۆتایی لووتکەکەیدا کە لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بەڕێوەچوو، و ئاژانسی هەواڵی عێراقی بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند: "سەرکردەکانی هاوپەیمانێتییەکە دووبارە جەختیان لەسەر پێویستی نەبوونی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە کردەوە"، و داواشیان کرد "ڕێز لە ئازادی دەریاوانی لە گەرووی هورمز بگیرێت بە شێوازێک کە لەگەڵ یاسا و نەریتە نێودەوڵەتییەکاندا بگونجێت".
بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەشکرد: "سەرکردەکان زیادکردنی خەرجییە بەرگرییەکانیان ڕاگەیاندووە، لەگەڵ بەڵێنی فراوانکردنی توانای پیشەسازی سەربازی وڵاتانی هاوپەیمانێتییەکە، بە جۆرێک کە ئامادەیی بەهێز بکات لە ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییە ئەمنییە پەرەسەندووەکاندا".
سەبارەت بە دۆسیەی ئۆکرانیا، سەرکردەکانی ناتۆ "پشتیوانی خۆیان بۆ ئۆکرانیا دووپاتکردەوە، لەگەڵ ڕاگەیاندنی پێشکەشکردنی هاوکاری سەربازی بە بەهای 70 ملیار یۆرۆ لە ماوەی ساڵی 2026دا، لە چوارچێوەی بەردەوامی پاڵپشتییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییەکانی ئێستا".
بەیاننامەکە جەختیشی لەسەر "پابەندبوونی هاوپەیمانێتییەکە بە پەرەپێدانی توانای سەربازی خۆی کردەوە، بەتایبەتی لە بوارەکانی بەرگری ئاسمانی و موشەکیدا، بە جۆرێک کە سیستمی ڕێگریکردن و بەرگری بەکۆمەڵ بەهێز بکات".
سەرکردەکان تەئكیدیان لەسەر "پابەندبوونی خۆیان بە بنەمای بەرگری هاوبەش" کردەوە و ڕایانگەیاند کە "هەر هێرشێک بۆ سەر وڵاتێکی ئەندام، بە هێرشکردنە سەر سەرجەم هاوپەیمانەکان دادەنرێت، بەپێی میساقی هاوپەیمانێتییەکە".


