بەدواداچوون – INA
وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە جەختیکردەوە: هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ سەر چەند پێگەیەک لە ناوەوەی ئێران، پێشێلکارییەکی زەقە بۆ سەر یەکەم مەرجی یاداشتی لێکتێگەیشتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ، و واشنتۆن بە بەرپرسیاری تەواو لە دەرهاوێشتەکانی هەر پەرەسەندنێکی نوێ دادەنێت، لە هەمانکاتدا داوای لە وڵاتانی دراوسێ کرد کە ڕێگە نەدەن خاکەکەیان لە چوارچێوەی هیچ کارێکی دوژمنکارانەدا دژی ئێران بەکاربهێنرێت.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند: "سوپای تیرۆریستی ئەمریکا، لە کاتژمێرەکانی یەکەمی بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممەدا، دەستدرێژییەکی سەربازیی دژی چەند ناوەندێکی چاودێریکردن و دەستنیشانکردن لە کەناراوەکانی باشووری ئێران ئەنجامدا، ئەمەش پێشێلکارییەکی زەقە بۆ بڕگەی چوارەم لە ماددەی دووەمی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان، و هەروەها پێشێلکارییەکی زەقیشە بۆ یەکەم مەرجی یاداشتی لێکتێگەیشتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ، کە دەقەکەی جەخت لەسەر ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەکاتەوە".
زیاتر ڕوونکراوەتەوە: کە "دووبارەبوونەوەی هێرشە نایاساییەکان دژی ئێران، لەگەڵ بڕیارەکەی شەوی ڕابردووی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی فرۆشتنی نەوتی ئێران، کە حکومەتی ئەمریکا بەپێی مەرجی دەیەمی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە پێوەی پابەند بوو، سەرەڕای پێشێلکردنی ڕێکخستنەکانی ئێران لە گەرووی هورمز، و بەردەوامبوونی هێرشە سەربازییەکان و ڕێوشوێنە تیرۆریستییەکانی ڕژێمی داگیرکەر (ئیسرائیل) دژی لوبنان، بووەتە هۆی بەتاڵکردنەوە و پووچەڵکردنەوەی بەشە گرنگ و بنەڕەتییەکانی ڕێککەوتننامەی کۆتاییهێنان بە جەنگ"، و جەختیشیکردەوە کە "بەرپرسیارێتی دەرئەنجامە مەترسیدارەکانی پەرەسەندنی گرژییەکان دەکەوێتە ئەستۆی ڕژێمی فێڵبازی ئەمریکا".
وەزارەتی دەرەوەی ئێران تەئكیدی لەسەر "پابەندبوونی یاسایی نێودەوڵەتی سەرجەم حکومەتەکان، بەتایبەتی وڵاتانی دراوسێی هەڵکەوتوو لەسەر کەناراوەکانی باشووری کەنداوی عەرەبی کردەوە، بۆ ڕێگریکردن لە لایەنە دەستدرێژیکارەکان لە بەکارهێنانی خاک و دامەزراوەکانیان بۆ ئەنجامدانی کاری دوژمنکارانە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران"، و بە توندی جەختی کردەوە و گوتی: "هەر هاوکارییەک لە ئەنجامدانی تاوانی دەستدرێژیکردن دژی ئێران، بە هاوبەشی و بەشداریکردن لە تاوانەکەدا دادەنرێت".
وەزارەتی دەرەوە بە توندی سەرکۆنەی "هێرشە دوژمنکارانەکان و پێشێلکارییە دووبارەبووەکانی لایەنی ئەمریکی کرد، و بەرپرسیارێتییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمینداری گشتی ڕێکخراوەکە سەبارەت بە ئاشتی و ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بە بیر هێنایەوە".
لە کۆتاییدا هاتووە: "هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، دوودڵ نابن لە بەرگریکردن لە یەکپارچەیی خاکی ئێران و سەروەریی نیشتمانی و ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دژی دەستدرێژی سەربازیی ئەمریکا، ئەمەش بەپێی ماددەی 51ی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان، و سەرچاوەی دەستدرێژییەکەش دەکەنە ئامانج".
