بەپێی ڕاپۆرتەکانی میدیای ئەمەریکا، کەشتییەکی گازی شلکراوی سروشتی (ئێل ئێن جی)ـی قەتەر لە نزیک عومان و لە کاتی دەرچوون لە تەنگەی هورمز، کراوەتە ئامانج. بە گوێرەی راپۆرتەکان ئەم هێرشە بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لەسەر کەشتییەکە.
هەروەها ئەکسیۆس بە پشت بەستن بە بەرپرسانی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە کە هێزەکانی سوپای پاسدارانى شۆڕشی ئیسلامی ئێران لانیکەم بە دوو مووشەک کەشتییە بازرگانییەکانیان لە ناوچەکە کردووەتە ئامانج. بەو هۆیەوە دوو کەشتی زیان پێگەیشتووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە.
دامەزراوەی مارین تایمی بەریتانی پێشتریش لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی دابوو بەوەی کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە لایەن لایەنێکی نەناسراوەوە لە نزیک کەناراوی عومان هێرشی کراوەتە سەر و ئاگرى تێ بەر بووە.
