دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند پەیوەندی ئەمەریکا لەگەڵ تورکیا ئێستا ڕەنگە لە باشترین ساتی مێژوویی خۆیدا بێت و "ناکرێت سزا بخەینە سەر هاوپەیمانانمان."

سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە گەیشتە ئەنکەرە، بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی لوتکەیی ناتۆ. سەرۆک ترامپ جەختی کردەوە لەوەی ئەگەر بەهۆی پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ سەرۆک ڕەجەب تەیب ئەردۆغان نەبووایە، بەشداری کۆبوونەوەکەی نەدەکرد.

"ناتوانم قسەی سەرۆک ئەردۆغان بشکێنم،" سەرۆک ترامپ لەکاتی بینینی ئەردۆغان ئەمەی وت.

ترامپ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لە کۆشکی سەرۆکایەتی تورکیا لە پاڵ ئەردۆغان ڕایگەیاند، "سزاکان لەسەر تورکیا هەڵدەگرین، کاتی ئەمە هاتووە. با ئەوە بکەین. نامانەوێت سزا بخەینە سەر هاوڕیکانمان."

ترامپ جەختی لەسەر پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ ئەردۆغان کردەوە و ڕایگەیاند تورکیا لە سایەی حکومڕانی ئەودا پێشکەوتنێکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە. بە سەرۆک ئەردۆغانی وت، "تۆ سەرۆکیێکی زۆر مەزن و ڕێزلێگیراویت لە سەرانسەری جیهاندا."

ڕۆژنامەوانێک پرسیاری لە ترامپ کرد هۆکاری بەهێزی پەیوەندی نێوانیان دەگەڕێتەوە بۆ چی؟ سەرۆکی ئەمەریکا لە وەڵامدا گوتی، "شتێکی سروشتییە کە لەگەڵ هەندێک کەس هەڵدەکەیت و لەگەڵ هەندێک کەس هەڵناکەیت." ترامپ دەستی بۆ ئۆردۆغان درێژ کرد و وتی، "هەندێک کات لەگەڵ کەسانی بەهێزی وەک ئەو پیاوە هەڵدەکەیت و لەگەڵ کەسانی لاوازی جێگەی بەزەیی هەڵناکەیت."

سەرۆکی ئەمەریکا ستایشی ژێرخان و شەقامەکانی تورکیای کرد و ڕایگەیاند، "زۆر دڵخۆش بووم کە زانیم لە تورکیا باڵەخانەیەک بەناوی منەوە کراوە."

بڕیارە کۆبوونەوەی لوتکەیی ناتۆ ئەمڕۆ و بەیانی بەردەوام بێت. چاوەڕوان دەکرێت پرسە سەرەکییەکانی جێگەی گفتوگۆ بریتی بن لە شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا لەگەڵ خەرجییە سەربازییەکانی ئەندامانی ناتۆ.

سەبارەت بە تورکیا، ترامپ ڕایگەیاند باسی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و سەربازی دەکرێت. "ڕەنگە باسی ئێرانیش بکەین، کە سوپاکەیمان لەناوبردووە و ناتوانن چەکی ناوەکییان هەبێت."

ترامپ ستایشی توانای سەربازی تورکیای کرد و وتی، "خەڵک نازانێت سوپای تورکیا چەندە بە‌هێزە، وە چەکێکی زۆری ئێمەیان هەیە."

سەبارەت بە فرۆکەی ئێف-35، سەرۆک ترامپ وتی ئەم بابەتە تاوتوێ دەکرێت. بەڵام ڕاستەوخۆ ئەوەی پشتڕاست نەکردەوە کە ئەمەریکا ئەو فڕۆکانە بە تورکیا دەفرۆشێت. وتی، "فرۆشتنی ئەم فڕۆکەیە بە تورکیا شتێکە ئێمە لەبەرچاوی دەگرین."

ترامپ "بێئومێدی زۆری" بەرامبەر وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لە پرسی ئێران دەربڕی. ڕایگەیاند، "ئەگەر لەبەر سەرۆک ئەردۆغان نەبووایە، ڕەنگە بەشداری ئەم کۆبوونەوەیەم نەکردبایە. بە ترلیۆنان دۆلارمان لە ناتۆ سەرف کردووە، کەچی یارمەتییان نەداین لە پرسی ئێران."

کۆنگرێس لە ساڵی 2020 بڕیارێکی دەرکرد دژ بە فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف-35 بە تورکیا، ئەویش بەهۆی کڕینی سیستەمی بەرگری ئێس-400ـی ڕووسیایی لەلایەن تورکیاوە. هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە پێویستی بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی کۆنگرێس دەبێت.

سەبارەت بەم پرسە، ڕۆژنامەنووسێک پرسیاری لە سەرۆکی ئەمەریکا کرد، "ئایا نیگەرانیت لە بەکارهێنانی سیستەمی بەرگری ڕووسیا لەلایەن تورکیاوە؟" ترامپ لە وەڵامدا گوتی، "دەربارەی تورکیا لە هیچ شتێک نیگەران نیم. سەرۆک ئەردۆغان وڵاتەکەی کردووەتە وڵاتێکی جوان...پەیوەندیمان لەگەڵ تورکیا ڕەنگە هیچ کات هێندەی ئێستا باش نەبووبێت. تورکیا هاوپەیمانێکی زۆر باشی ئێمە بووە. لە پرسی ئێران، لەگەڵ چەند وڵاتێکی تر، زۆر ڕۆڵێکی بونیادنەری هەبووە. سوپایەکی بەهێزیان هەیە کە ڕەنگە بەهۆی ئیسرائیلەوە هاتبانە ناو شەڕەکە لە بەرەی ئێران، بەڵام ڕەنگە بەهۆی منەوە ئەو کارەیان نەکردبێت...ڕۆڵێکی زۆر نایابیان هەبووە لە کۆتاییهێنان بە شەڕی ئێران...بۆیە کاتێک دێتە سەر پرسی فڕۆکە و چاککردنەوەی بزوێنەری فڕۆکەکان، لەسەرمانە یارمەتییان بدەین...لە کاتێکدا تورکیا زۆر باشتر بووە بۆمان لە زۆرێک لە هاوپەیمانە تەقلیدییەکانمان."

ترامپ هەروەها ستایشی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرکردایەتی ئێستای سوریا کرد و وتی، "پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ سەرکردەی نوێی سوریا هەیە. کارێکی زۆر باشی کردووە لە یەکخستنەوەی وڵاتەکەی...هەندێک کەس دەڵیت ئەو کەسێکی توندوتیژە...من و سەرۆک ئەردۆغان خستمانە سەر دەستەڵات و ئەویش کارێکی زۆر باشی کردووە. وڵاتەکەی یەک خستووەتەوە کە کارێکی ئاسان نییە."

دەربارەی ئۆکراینا و ڕووسیا، ترامپ ڕایگەیاند هیوادارە "بە زوویی" کۆتایی بە شەڕی نێوانیان بێت. ڕایگەیاند، "هەردوو لایەن زۆر مەبەستییانە شەڕەکە کۆتایی پێبهێنن. جێگەی داخە ئەم شەڕە هەتا ئێستا درێژەی خایاندووە....هیوادارم زوو بگەینە ئەنجام."