مارک ڕووتە، سکرتێری گشتی ناتۆ لە کۆڕبەندی پیشەسازی بەرگریی هاوپەیمانییەکە لە ئەنکەرە ڕایگەیاند کۆماری ئیسلامی وەک ڕووسیا، چین و کۆریای باکووری هەڕەشەیە و ناتۆ دەبێت خێراتر و یەکگرتووتر هەنگاو بنێت بۆ بەرپەرچدانەوەی.

سکرتێری گشتی ناتۆ وتی هەرچەندە "کردەوەی ئەم دواییەی ئەمەریکا" بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکی بالیستیکی کۆماری ئیسلامی "بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز" کردووە، بەڵام ناتۆ نابێت تاران پشتگوێ بخات و دەبێت سەبارەت بە ئێران وریا بێت.

هاوکات ئاسایشی تەنگەی هورمز بابەتێکی گرنگ دەبێت لە لوتکەی ناتۆدا. وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ بڕیارە لەگەڵ هاوتاکانیان لە بەحرەین، کوەیت، قەتەر و ئیمارات سەبارەت بە چەقبەستوویی کردنەوەی تەواوەتی تەنگەکە، ئاسایشی کەشتیوانی و پێشنیاری فەرەنسا و بەریتانیا بۆ ئەرکێکی دەریایی فرەنەتەوەیی تاوتوێ بکەن، پلانێک کە کۆماری ئیسلامی تا ئێستا دژایەتیی کردووە.

ئەم پرسە دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترامپ ڕەخنەی لە دوودڵی بەشێک لە هاوپەیمانەکانی ناتۆ گرت بۆ یەکگرتن لە هەوڵەکانی دووبارە کردنەوەی تەنگەی هورمز.

سکرتێری گشتیی ناتۆ هەروەها هۆشداری دا کە هەڕەشەکان تەنیا لە کۆماری ئیسلامیدا سنووردار نەبوون. وتی ڕووسیا نزیکەی نیوەی بودجەی نیشتمانی خۆی بۆ "ئامێری جەنگ" خەرج دەکات و پیشەسازی بەرگرییەکەی بە درێژایی کاتژمێر کاردەکات بۆ شەڕکردن.

ڕووتە هەروەها باسی لە مۆدێرنیزاسیۆنی سەربازی چین و نەبوونی شەفافیەتی پەکین لە توانا ئەتۆمییەکانی و بەردەوامی بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆریای باکوور کرد و ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم وڵاتانە "زیاتر لە جاران پێکەوە کاردەکەن."

سەرنجی سەرەکی قسەکانی ڕووتە پێویستی بەپەلە بوو بۆ بەهێزکردنی پیشەسازی بەرگری ناتۆ. وتی هاوپەیمانان پێشکەوتنی بەرچاویان بەدەستهێناوە لە دوای بەڵێنەکەی ساڵی ڕابردووەوە بۆ بەرزکردنەوەی خەرجییەکانی بەرگری بۆ 5%ی بەرهەمی ناوخۆیی تا ساڵی 2035. وتی هاوپەیمانانی ئەوروپا و کەنەدا تەنها لە ساڵی ڕابردوودا 139 ملیار دۆلاری زیاتریان بۆ بەرگری خەرجکردووە.