بەغداد – INA

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغداد، ئەمڕۆ سێشەممە، ڕاسپاردەی ئاراستەی هاووڵاتیان کرد کە پابەندی ڕێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی بن بۆ خۆپاراستن لە ئاگرکەوتنەوە.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدادلەراگەیندراوەكەدا كه‌ بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌ ، "فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغداد داوا لە هاووڵاتیانی پایتەختە خۆشەویستەکەمان دەکات پابەندی ڕاسپاردە و ڕێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی بن، و جەخت لەسەر ڕێنماییەکانی پێشووی دەکاتەوە بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە وەرزی هاویندا".

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌یش هاتووه‌ كه‌ "ڕێنماییەکان ئەمانەی خوارەوە لەخۆدەگرن: چۆڵکردنی ئۆتۆمبێلەکان لەم ماددانەی خوارەوە لە کاتی ڕاگرتنیاندا:

1- ماددە گازییەکان کە شیاوی تەقینەوەن.

2- چەرخە بە هەموو جۆرەکانییەوە.

3- قتووی مەشروبە گازییەکان.

4- عەتر و پاتری ئامێرەکان بە شێوەیەکی گشتی.

5ـ- پێویستە پەنجەرەکانی ئۆتۆمبێل کەمێک بکرێنەوە (تەنسیم).

6- پڕنەکردنی تانکی بەنزینی ئۆتۆمبێل بە تەواوی.

7- تێکردنی بەنزین بۆ ئۆتۆمبێل لە کاتەکانی ئێوارە یان بەیانیاندا ئەگەر گونجاو بێت.

8- گەشتنەکردن بە ئۆتۆمبێل لە کاتەکانی لوتکەی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمادا.

9- با نەکردنی تایەکانی ئۆتۆمبێل لە ڕێژەی پێویست زیاتر، بەتایبەتی لە کاتی گەشتکردندا".

هه‌ر له‌ راگه‌یندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌یش هاتووه‌ كه‌ "ڕێنماییەکان چالاککردنی کاری لیژنە هاوبەشەکانیشی گرتووەتەوە بۆ پشکنین و وردبینیکردنی ڕێوشوێنەکانی سەلامەتی و ئاسایش لە مۆڵ، نەخۆشخانە، کۆگا، وێستگەکانی سووتەمەنی و کۆگاکانی نەوت، و دڵنیابوونەوە لە هەبوونی

هۆکارەکانی کوژاندنەوەی ئاگر لەوانەش ئامێری ئاگركوژێنه‌وه‌ بە مەبەستی دابینکردنی مەرج و پێداویستییەکانی بەرگریی شارستانی بۆ ڕێگریکردن لە ڕووداوەکان"، هاوكات جەختی کردووەتەوە لەسەر "پەرۆشی بۆ دانەنانی بوتڵی غازی چێشت لێنان لەو شوێنانەی کە بەدەدەرن لەبەر تیشکی خۆردا".

راگه‌یندراوه‌كه‌ تیشکی خستووەتە سەر "پێویستیی کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر خاڵەکانی کارەبا، و دانەگیرساندنی سپلیت و ئامێرەکانی فێنککەرەوە مەگەر لەو شوێنانەی کە کەسانی لێیە، لەگەڵ پێویستیی کڕینی ئامێری پاراستنی باوەڕپێکراو، هەروەها بەدوورگرتن لە بەکارهێنانی خاڵەکانی کارەبای کوالێتی نزم، و سەرنجدان بە ئامێرەکانی گۆڕینی کارەبا (جۆزەی تەحویل) بۆ ڕێگریکردن لە تێکەڵبوونی نێوان تەزووی کارەبای نیشتمانی و تەزووی مۆلیدە ئەهلییەکان".

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە داوە کە "نابێت وایەر و تەلە کارەباییەکان لەو سنوورەی بۆیان دیاریکراوە زیاتر بخرێتە سەر، و بەدوورگرتن لە بەستنەوەی چەندین بەش لە یەک وایەردا"، هاوكات جەختی کردەوە لەسەر "خێرا پەیوەندیکردن بە ژمارەی فریاکەوتنی بێبەرامبەر (911) و هێڵە تایبەتەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان لە کاتی ڕوودانی هەر بارودۆخێکی کتوپڕدا".