هەمەڕەنگ – INA

زاناکانی زانکۆی شیکاگۆ و ئاژانسی "ناسا" هاوشێوەسازیی کۆمپیوتەرییان ئەنجامداوە و لە ئەنجامدا، لە ناخی هەسارەی موشتەریدا (کەیوان) خەستییەکی نائاسایی ئۆکسجینیان دۆزیوەتەوە، کە بە ڕێژەی 1.5 هێندە زیاترە لە ڕێژەی ئۆکسجین لە خۆردا.

سەردەمێکی درێژە کە گەردەلوولە بەهێزەکانی کەشی موشتەری ناسراون و لانی کەم مێژووەکەی بۆ 360 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە؛ لەو سەردەمەدا، گەردوونناسان بە بەکارهێنانی یەکەمین تێلسکۆپەکان، "پەڵە سوورە گەورەکە"یان بەدی کرد، کە گەردەلوولێکی زەبەلاحە و قەبارەکەی دوو هێندەی قەبارەی زەوییە و چەندین سەدەیە هەڵدەکات، ئەمەش تەنها یەکێکە لەو چەندین گەردەلوولەی سەر هەسارەکە کە وای کردووە باهۆزە بەهێزەکان و هەورە چڕەکان تەواوی ڕووی ئەم دێوە گازاوییە بکەنە مۆزاییکێک لە گەردەلوول.

بەڵام ئەوەی بە تەواوی لە ژێر ئەم گەردەلوولانەدا شاردراوەتەوە، تا ئێستاش بە دڵنیاییەوە بە نەزانراوی ماوەتەوە، چونکە هەورەکان هێندە چڕن کە پشکێنەری بۆشایی ئاسمانی "گالیلۆ" لە کاتی ڕۆچوونی بۆ ناو چینە قووڵەکانی بەرگەهەوا لە ساڵی 2003دا، پێوەندی لەگەڵ زەویدا پچڕا. سەبارەت بە گەشتە گەردوونەییەی ئێستاش کە ناوی "جونۆ"یە، لە دوورییەکی سەلامەتەوە خەریکی لێکۆڵینەوەیە لە هەسارەکە.

پێوانەکردنەکان لە خولگەکەوە ڕێگە خۆش دەکەن بۆ دیاریکردنی پێکهاتەی چینەکانی سەرەوەی بەرگەهەوا، کە تێیدا گازی ئەمۆنیا، میسان، هیدرۆسۆلفیدی ئەمۆنیۆم، ئاو، یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن و ماددەی تر هەن، زاناکانیش ئەم زانیارییانە لەگەڵ زانیارییەکانی تری پەیوەندیدار بە کارلەکە کیمیاییەکان یەکدەخەن بۆ دروستکردنی مۆدێل بۆ بەرگەهەوای قووڵی موشتەری.

سەرەڕای ئەمەش، هێشتا دەمەقاڵێ و مشتومڕ لە ناوەندە زانستییەکاندا سەبارەت بە هەندێک پرسیار بەردەوامە، بۆ نموونە: بڕی ئاو لە موشتەریدا، و لە ئەنجامدا ئەو بڕە ئۆکسجینەی کە هەسارەکە لەخۆی دەگرێت. لەم ڕوانگەیەوە (جیھیون یانگ) نووسەری سەرەکی توێژینەوەکە، هەلێکی ڕەخساند بۆ بەکارهێنانی نەوەیەکی نوێ لە مۆدێلسازی کیمیایی بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە ئاڵۆزە.

بەپێی ئەوەی ڕۆژنامەی Pravda.ru بڵاوی کردووەتەوە، هاوشێوەسازییەکان تیۆرییە کۆنەکانیان سەبارەت بە تێکەڵبوونی خێرای بەرگەهەوا ڕەتکردووەتەوە، چونکە دەرکەوتووە گازەکان لە قووڵاییەوە بۆ سەر ڕووی هەسارەکە لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا بەرز نابنەوە، بەڵکو لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا دەچنە سەرەوە، ئەمەش وادەکات هەسارەکە لە ڕووی کیمیاییەوە سەقامگیرتر بێت. ئەم زانیارییانە نەک تەنها لە تێگەیشتن لە هەسارەکانی دەرەوەی کۆمەڵەی خۆردا یارمەتیدەر دەبن، بەڵکو سوودیان بۆ ئەو پڕۆسە کەشوهەواییانەش دەبێت کە لەسەر زەوی ڕوودەدەن.

ئەم دۆزینەوەیە کە لە گۆڤاری Journal of Planetary Science بڵاوکراوەتەوە، کۆتایی بە مشتومڕەکانی دەوروبەری سەرچاوەی دروستبوونی ئەم هەسارەیە هێنا؛ توێژەران سەلماندیان کە موشتەری لە پشت "هێڵی بەفر" (ناوچە ساردەکەی کۆمەڵەی خۆر) دروستبووە، ئەویش لە ڕێگەی قوتدانی بڕێکی زەبەلاح لە سەهۆڵ و نەیزەکە سەهۆڵاوییەکان، ئەمەش وای لێدەکات وەک "کەپسولێکی کاتیی کیمیایی" بێت کە پێکهاتەی ماددە سەرەتاییەکانی کۆمەڵەی خۆری پاراستووە.

جیھیون یانگ وتی: "ئەم بابەتە بە ڕاستی ئەوە نیشان دەدات کە هێشتا زۆر شتمان ماوە سەبارەت بە هەسارەکان فێری ببین".