بەغدا – واع- ویسام مەلا
ئەمڕۆ دووشەممە، دەستەی دەستپاکی فیدراڵی، جەختی لەوە کردەوە کە قۆناغی داهاتوو شاهیدی ئەنجامی باشتر دەبێت سەبارەت بە گێڕانەوەی پارە و داواکراوان، هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد کە جیاوازیی یاساکانی نێوان دەوڵەتان دیارترین تەحەددییە لەبەردەم گێڕانەوەی پارەکاندا.
بەڕێوبەری گشتیی فەرمانگەی گێڕانەوە لە دەستەی دەستپاکی، و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕیی سندوقی گێڕانەوەی پارەکانی عێراق، عەباس موتعیب، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "دیارترین ئەو تەحەددییانەی ڕووبەڕووی عێراق دەبنەوە لە گێڕانەوەی ئەو پارانەی بۆ دەرەوە قاچاخ کراون، خۆی لە جیاوازیی یاساکانی نێوان دەوڵەتاندا دەبینێتەوە، سەرەڕای ئەو بەربەستانەی کە هەندێک لە یاساکان دەیەسەپێنن بەسەر ڕادەستکردنەوەی داواکراوان یان ئاشکراکردنی نهێنییەکانی بانک".
ڕوونی کردەوە کە "هەندێک لە دەوڵەتان یاساکانیان ڕێگە بە ڕادەستکردنەوەی ئەو کەسانە نادات کە تایبەتمەندیی یاسایی دیاریکراویان بەسەردا جێبەجێ دەبێت، بە هەمان شێوە ڕەتیدەکەنەوە حیساباتی بانکی ئاشکرا بکەن کە ئەو پارە دزراوانەی عێراقی تێدا دانراوە، هەروەها هەندێک لە دەوڵەتان سەیری پارە قاچاخکراوەکان دەکەن وەک بەشێک لە ئابووری نیشتمانیی خۆیان، بەتایبەت کاتێک بڕی پارەکان گەورە بن".
ئاماژەی بەوەشکرد: "دەستەی دەستپاکی تەنیا لەسەر ڕێکارە یاساییەکان ناوەستێت، بەڵکو پشت بە شاندەکانی دانوستاندکار و واژۆکردنی ڕێککەوتنامە لەگەڵ دەوڵەتانی پەیوەندیداردا دەبەستێت، بە ئامانجی هاندانیان بۆ هاوکاریکردن و وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی عێراق تایبەت بە گێڕانەوەی داواکراوان و پارە قاچاخکراوەکان".
تیشکی خستە سەر ئەوەی کە "کادیرە پسپۆڕەکانی گێڕانەوەی پارە، خاوەنی شارەزاییەکی بەرزن لە یاسای نێودەوڵەتی و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکاندا، ئەمەش بەشداربووە لە بەدیهێنانی دەستکەوتی نایاب"، هاوکات جەختیشی کردەوە کە "قۆناغی داهاتوو شاهیدی ئەنجامی باشتر دەبێت لەسەر ئاستی گێڕانەوەی پارە و داواکراواندا".
دەستەی دەستپاکی لە کاتێکی پێشووتردا جەختی کردبووەوە کە ڕەشنووسی یاسای تایبەت بە گێڕانەوەی پارەکان بەم زووانە پێشکەشی پەرلەمان دەکرێت، هاوکات ئاماژەی بەوەشکردبوو کە توانیویەتی دەست بەسەر بڕێکی زۆر لە پارەدا بگرێت لە دەرەوەی وڵات.
لە لایەکی ترەوە، دەستەی دەستپاکی فیدراڵی پێشتر لەگەڵ نووسینگەی ناوەندیی نیشتمانیی ئینتەرپۆل لە بەغدا، ڕێککەوتننامەیەکی هاوکاریی واژۆ کردبوو؛ بۆ گەیشتنی ڕاستەوخۆ بە سیستەمی زانیارییەکانی ئینتەرپۆل، و بۆ هاندانی نووسینگە ناوەندییە نیشتمانییەکان بۆ فراوانکردنی مەودای گەیشتنی ڕاستەوخۆ بە سیستەمی ئینتەرپۆل و ئاگاداربوون لە زانیارییەکانی داواکراوان، بە جۆرێک کە ئەو دەزگایانەش بگرێتەوە کە بەرپرسن لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە تاوانکارییەکان بە هاوکاری لەگەڵ پۆلیسی نێودەوڵەتی لە وڵاتە جیاوازەکاندا.


