بەغدا – INA – محەمەد داود
بەڕێوبەری گشتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و هاوکاریی نێودەوڵەتی لە وەزارەتی وەرزش و لاوان، حوسام حەسەن، جەختی لەوە کردەوە کە وەزارەت چاوی لە وەرگرتنەوەی ئەو یاریگایانەیە کە لە وەرزە ڕابردوودا بەڕێوببردنیان بەخشرابوو بە یانەکان، هاوكات ئاماژەی بەوەدا کە ئامانجی سەرەکی بریتییە لە زامنکردنی ئامادەیی دامەزراوە وەرزشییەکان بۆ خزمەتکردنی خولی عێراقی و پاڵەوانێتییە ناوخۆییەکان.
حەسەن بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "وەزارەت چاوی لە گەڕانەوەی یاریگاکانە بۆ ژێر سەرپەرشتیی خۆی، ئەمەش دوای ئەوەی لە وەرزە ڕابردوودا بەڕێوببردنیان بەخشرابوو بە چەند یانەیەک"، و ڕوونی کردەوە کە "یاریگاکان لە دۆخێکی باشتردا بوون کاتێک لەلایەن وەزارەتەوە بەڕێوە دەبردران، چونکە خاوەنی ستافی ئەندازیاری، کارگێڕی و تەکنیکییە کە توانای بەڕێوەبردن، چاکسازیی بەردەوام و پێشوازیکردنی یارییەکانیان بە باشترین شێوە هەیە".
ئاماژەی بەوەشکرد: "بەڕێوببردنی یاریگاکان تەنیا لە ئامادەکردنی زەوی یاریگاکەدا کورت نابێتەوە، بەڵکو سیستەمەکانی کارەبا، ئاو، پەخش و پەیوەندییەکانیش دەگرێتەوە، سەرەڕای بەشەکانی تایبەت بە یاریزانان، ناوبژیوانان و لایەنە لۆجستییەکانی تری کە ئامادەیی یاریگاکان بۆ میوانداریکردنی یارییەکانی خول و پاڵەوانێتییە جیاوازەکان زامن دەکەن".
حەسەن تیشکی خستە سەر ئەوەی کە "پێشتر ژمارەیەک لە یانەکان داوای گەڕاندنەوەی یاریگاکانیان بۆ ژێر بەڕێوببردنی وەزارەت کردبوو، بەهۆی نەبوونی توانای پێویست لایان بۆ لەئەستۆگرتنی تێچوو و پێداویستییەکانی بەڕێوببردن و چاککردنیان"، هاوکات ئاماژەی بەوەشدا کە "یاریگا گەورەکان، لەوانەش یاریگای شەعب و یاریگای ئەلمەدینە، بە شێوازێکی ناوازە بەڕێوە دەبردران کاتێک لە ژێر سەرپەرشتیی وەزارەتدا بوون".
لە کۆتاییدا ڕوونی کردەوە کە "ئەو گرێبەستانەی وەزارەت لەگەڵ یانەکاندا واژۆی کردبوون، پاراستنی یاریگاکان و چاککردنی بەردەوامیان دەگرتە خۆ، بە مەرجێک بە هەمان ئەو دۆخەی کە ڕادەست کرابوون بگەڕێندرێنەوە بۆ وەزارەت"، هاوکات جەختیشی کردەوە کە "وەزارەت هیوادارە لە وەرزی داهاتوودا بەڕێوببردنی ئەم یاریگایانە وەربگرێتەوە، بە جۆرێک کە بەشدار بێت لە خزمەتکردنی خولی عێراقی و تۆپی پێی عێراق، و دابینکردنی باشترین کەشوهەوا بۆ هاندەران و تیپە بەشداربووەکان".


