بەغدا – INA

بەڕێوبەری نووسینگەی ڕاگەیاندنی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، یوسف فەعل، جەختی لەوە کردەوە کە یەکێتییەکە سەقامگیری و جێگیریی تەکنیکی دەخاتە پێشەنگی کارەکانییەوە، ئەمەش دوای سەرکەوتنی هەڵبژاردەی نیشتمانی لە بەدەستهێنانی بلیتی سەرکەوتن بۆ کۆتاییەکانی جامی جیهانی، هاوكات ئاماژەی بە بوونی ئارەزوویەکی هاوبەش کرد لەگەڵ ڕاهێنەری ئوسترالی، گراهام ئارنۆڵد، بۆ بەردەوامبوونی کارەکانیان لە قۆناغی داهاتوودا.

یوسف فەعل، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی (الصباح) کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بەدواداچوونی بۆ کردووە، ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند: "یەکێتییەکە هەوڵ دەدات بۆ پاراستنی دەستەی ڕاهێنەرایەتی و بنیاتنان لەسەر ئەو دەستکەوتانەی کە بەدی هاتوون، بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ شایستەبوونەکانی داهاتوو"، و ڕوونی کردەوە کە "ئارەزوویەکی هاوبەش لە نێوان یەکێتییەکە و ئارنۆڵدیدا هەیە بۆ بەردەوامبوون لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانیدا".

ئاماژەی بەوەشکرد: "لیژنەی گفتوگۆکردنی تایبەت بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکە، پێکهاتووە لە سەرۆکی یەکێتییەکە یونس مەحمود، و جێگری یەکەم سەرەمەد عەبدولئیلاهـ، و جێگری دووەم محەمەد ناسر، بە مەبەستی تاووتوێکردنی ووردییەکانی گرێبەستە نوێیەکە و میکانیزمی بەردەوامبوونی لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانیدا".

هاوكات فەعل ڕاستیی ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە باس لە بوونی ڕەشنووسی بڕیارەکان دەکەن کە لە کاتی کۆبوونەوەکەدا دەخرێنە بەردەم ئارنۆڵد، و جەختی کردەوە کە ئەوەی لەم بارەیەوە دەوروژێنرێت هیچ بنەمایەکی ڕاستی نییە.

لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە کە "سەرجەم لایەنە تەکنیکییەکان، لەوانەش بانگهێشتکردنی یاریزانان و هەڵبژاردنی لیستەکە، لە ناو جەرگەی دەسەڵاتەکانی ستافی ڕاهێنەرایەتیدان، و یەکێتییەکە بە هیچ شێوەیەک دەستوەرناداتە ناو بڕیارەکانی ڕاهێنەر کە پەیوەستن بەم پەڕاوانەوە".