بەرپرسێکی سەربازی نزیک لە حکومەتی فەرمی یەمەن ڕایگەیاند، حوسییەکانی هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هێرشێکدا لە باشووری شاری بەندەری حودەیدە 14 هێزی حکومەتیان کوشتووە.
بە وتەی ئەو بەرپرسە، هێزەکانی حکومەتی یەمەن دوای چەند کاتژمێر لە شەڕ و پێکدادان سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە، هێرشی حوسییەکانیان لە ناوچەی حەیس لە باشووری حودەیدە بەرپەرچ داوەتەوە. بەرپرسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە ژمارەیەک لە هێزەکانی حوسییەکانیش لە شەڕەکەدا کوژراون یان برینداربوون، بەڵام ئەو بەپرسە ئامارەکانی نەخستووەتەڕوو.
ئەو پێکدادانە نوێیە لە کاتێکدا ڕوویداوە کە بەرەکانی شەڕی یەمەن لە دوای ئاگربەستی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2022 تا ڕادەیەکی زۆر بێدەنگ کرابوون. حوسییەکان لە ساڵی 2015ەوە شەڕ لەگەڵ حکومەتی یەمەن دەکەن و تا ئێستاش سەنعا و بەشێکی زۆری باکووری یەمەنیان لە ژێر دەستدایە، لە نێویاندا حودەیدە لە کەنارەکانی دەریای سوور.
لە ساڵانی ڕابردوودا، جگە لە شەڕی ناوخۆی یەمەن، حوسییەکان بوونەتە یەکێک لە ئامرازەکانی گوشاری کۆماری ئیسلامی لەسەر ڕێگا دەریاییەکانی ناوچەکە. هێرشە مووشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی گروپەکە بۆ سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور و بابولمەندەب بووەتە هۆی پەکخستنی کەشتیوانی جیهانی و ئەمەریکاش چەندین جار ئەو گروپەی بە هەڕەشە بۆ سەر ئازادی گەشتکردن و سەلامەتی هێزەکانی ناوبردووە.
هەروەها ئەو گرووپە لە کاتی جیاجیادا بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئیسرائیل و سعودیەیان کردووەتە ئامانج یان هەڕەشەیان لێکردووە.


