بەغدا – INA

ئەمڕۆ یەکشەممە، مستەفا نزار عانی ،وەزیری بازرگانی،ڕێنمایی دەرکرد بە کردنەوەی کەناڵێکی فەرمی بۆ پێشوازیکردن لەو زانیاری و سکاڵایانەی پەیوەستن بە کەیسەکانی گەندەڵی لە ناو پێکهاتەکانی وەزارەتەکەدا.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی بازرگانی لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی، تیایدا هاتووە : لەسەر بنەمای ڕێنماییەکانی عەلی فالح زەیدی ، سەرۆک وەزیران ، بۆ بەهێزکردنی پرۆسەی دەستپاکی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و گێڕانەوەی سامانی گشتی، مستەفا نزار عانی ، وەزیری بازرگانی ،ڕێنماییدا بە کردنەوەی کەناڵێکی فەرمی بۆ وەرگرتنی زانیارییەکان لەسەر گەندەڵی لەناو پێکهاتەکانی وەزارەتەکەدا، ئەمەش بە چاودێری و بەدواداچوونی ڕاستەوخۆی خۆی دەبێت.

هەروەک وەزیر داوای لە هاووڵاتیان و فەرمانبەران کرد بەشداری بکەن لە پشتگیریکردنی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، لە ڕێگەی ناردنی زانیارییەکان بە بەڵگە یان دۆکیۆمێنت کە دەیسەلمێنن گەندەڵی کراوە یان سامانی گشتی بەفیڕۆ دراوە، ئەویش لە ڕێگەی ئیمەیڵ و ژمارەی تەلەفۆنەکانەوە کە دواتر ڕادەگەیەنرێن، و ئەم ڕێگایانە تەنها پەیوەندییان بە نووسینگەی وەزیری بازرگانییەوە دەبێت بۆ زامنکردنی نهێنی و خێرایی لە بەدواداچووندا.

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە : وەزیری بازرگانی ،جەختی لەوە کردۆتەوە کە سەرجەم زانیارییەکان بە نهێنییەکی تەواو مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و لەلایەن خۆیەوە بە شێوەیەکی کەسی و ڕاستەوخۆ بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت، هەروەها دۆسیەکان ڕەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکرێن بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر بە هەر کەسێک کە تێوەگلانی بسەلمێنرێت، ئەمەش بە ئامانجی بەهێزکردنی شەفافیەت و پاراستنی سامانی گشتی و جێبەجێکردنی ڕێنوێنییەکانی سەرۆک وەزیران لە چەسپاندنی نەزاهەت و لێپرسینەوە لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.