بەدواداچوون -INA
پۆلیسی فەرەنسا ڕایگەیاند، پیاوێک لە پاریس بە بورجی ئیڤڵدا سەرکەوتووە و لە یادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی ئەمریکادا، ئاڵای ئەمریکای لەسەر ئەو شوێنە گەشتیارییە بەناوبانگە هەڵکردووە.
پیاوەکە لە کاتی نیوەڕۆدا بینراوە کە لە نێوان نهۆمی دووەم و سێیەمی بورجەکەدا سەردەکەوێت و ئاڵاکەی هەڵدەکات.
دوای ڕووداوەکە، هێزەکانی پۆلیس پیاوەکەیان دەستگیرکردووە و نهۆمی دووەم و سێیەم، لەگەڵ حەوشەی پێشەوەی بورجەکەش بۆ ماوەیەکی کاتی چۆڵکراوە.
بە گوتەی پۆلیس : کەسەکە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بە هۆکاری کارەکەی نەداوە و ئاڵاکەش دەستبەجێ لادراوە.
شایەنی باسە بورجی ئیڤڵ کە لەلایەن ئەندازیار گوستاف ئیڤڵەوە دیزاین کراوە و لە ساڵی 1889 بۆ پیشانگەی جیهانی لە پاریس کرایەوە، بووەتە هێمای پایتەختی فەرەنسا و ساڵانە نزیکەی حەوت ملیۆن گەشتیار ڕادەکێشێت.

