بەدواداچوون-INA
پاپا لاوونی چواردەیەم لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ دوورگەی لامبیدوسای ئیتاڵی، کە بووەتە هێمایەکی تراژیدی بۆ ئەو کۆچبەرانەی لە دەریای ناوەڕاستدا گیان لەدەست دەدەن، داوای لە وڵاتانی ئەوروپا کرد هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی کۆچبەران چڕتر بکەنەوە. ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە کیشوەری ئەوروپا سیاسەتەکانی بەرامبەر بە پرسی کۆچبەری توندتر کردووە و پەنای بۆ دروستکردنی کەمپی دەستبەسەرکردن لە دەرەوەی سنوورەکانی بردووە.
پاپا لاوون چواردەیەم کە تەمەنی 70 ساڵە و بە "پاپای ئەمریکی" ناسراوە، پەیامێکی ڕوونی ئاڕاستەی سەرکردە ئەوروپی و ئەمریکییەکان کرد و نیگەرانی خۆی لە بەرامبەر زیادبوونی ڕەگەزپەرستی و بێباکیی بەرامبەر قەیرانەکانی کۆچ دەربڕی. ئەم سەردانەش هاوکاتە لەگەڵ تێپەڕبوونی 250 ساڵ بەسەر سەربەخۆیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا.
لە گوتارەکەیدا،پاپا،جەختی لەوە کردەوە کە ئەوروپا دەتوانێت بە ستراتیژییەکی درێژخایەن کە بریتییە لە پێشوازیکردن،و پاراستن،و پەرەپێدان و تێکەڵکردنی کۆچبەران لە کۆمەڵگەدا، ڕووبەڕووی قەیرانەکە ببێتەوە و هاوکات کار بۆ گەشەپێدانی وڵاتانی سەرچاوەی کۆچ بکرێت بۆ ئەوەی کەس ناچار نەبێت کۆچ بکات.
هەروەک پاپا ئیدانەی ئەو سیستەمە ئابوورییە جیهانییەی کرد کە هەژاری و پەراوێزخستن دروست دەکات، لەگەڵ ئەو کەسانەی کە لە مەرگی کۆچبەران و قۆرخکاریی مرۆیی قازانج دەکەن.

