سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا پیرۆزبایی ساڵیادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی ئەمەریکای کرد.
ئێوارەی شەممە مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، " پیرۆزبایی لە گەلی ئەمەریکا دەکەین بە بۆنەی ئەم وەرچەرخانە گرنگەی 250 ساڵەی واژۆکردنی جاڕنامەی سەربەخۆیی."
بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، "هاوبەشی ستراتیژی و پەیوەندی دۆستانەمان لەگەڵ ئەمەریکا بەهایەکی قووڵی بۆمان هەیە. بە شانازییەوە سەیری هاوکارییەکانمان لە پرسی تێکشکاندنی تیرۆر دەکەین و بەپەرۆشین بۆ بەهێزکردنی هاوبەشییەکەمان بۆ نەوەکانی داهاتوو."
ڕۆژی 4ـی حەوت ئەمەریکا ئاهەنگی 250 ساڵەی ئازادی دەگێڕێت. لەم بۆنەدا لە تەواوی ئەمەریکا پشووی فەرمییە و چەندین ئاهەنگی جیاواز بەڕێوە دەچن.
پێشبینی دەکرێت ئاهەنگەکانی نمایشی فڕۆکە و یارییە ئاگرینەکانی واشنتنی پایتەخت گەورەترین نمایش بن هەتا ئێستا ڕێکخرابن لە مێژووی ئەمەریکادا.



