دیموکراسی تەنها بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دەنگدان دروست نابێت، بەڵکو بە بێ کۆمەڵێک دامەزراوەی سەربەخۆ ڕووکەشێکە بۆ دەسەڵاتادارانی پاوەنخواز. یەکێک لە گرنگترین بنەماکانی سیستەمی سیاسی لە ئەمەریکا بریتییە لە بوونی دەزگا و دامەزراوە سەربەخۆیەکان.
کۆمەڵێک دەزگای سەرەکی لە ئەمەریکا هەن کە لەژێر فشاری ڕاستەوخۆی حکومەت یان حزبێکی سیاسی کار ناکەن، بەڵکو بە شێوەیەکی تەواو ئازاد بەڕێوە دەچن. ئەم دەزگایانە دەبنە هۆی پاراستنی هاوسەنگی هێز لە کۆمەڵگە و ڕێگریکردن لە کۆکردنەوەی دەسەڵات لە دەستی تاکە کەسێک یان تاکە دامەزراوەیەک.
یەکێک لە باشترین نموونەکانی ئەم دەزگا سەربەخۆیانە دادگا و دەسەڵاتی دادوەرییە. لە ئەمەریکا، دەستەڵاتی دادوەری، بە تایبەتی دادگای باڵا، سەربەخۆ کار دەکات و هاوسەنگی هێز دەپارێزێت لە نێوان ئیدارەی سەرۆک و ئەنجوومەنی کۆنگرێس. دادوەرەکان بە پێی یاسا بڕیار دەدەن، نەک بە ویستی سیاسیی ئەو کەسانەی لە دەسەڵاتدان. ئەگەر کۆنگرێس یاسایەک دابنێت یان سەرۆک فەرمانێک بدات کە دژ بە دەستوور بێت، دادگا دەتوانێت هەڵی بوەشێنێتەوە. هەروەها ئەندامانی دادگای باڵا بۆ هەمیشە، هەتا ئەو کاتەی لە ڕووی جەستەیی و بیرەوەرییەوە توانای خزمەتکردنیان هەبێت، دەتوانن لە کارەکانیان بەردەوام بن، ئەوەش بە مەبەستی بەهێزکردنی دەرفەتی بڕیاردانیان بەشێوەیەکی سەربەخۆیانە. بەم شێوەیە دادگا دەبێتە پارێزەرێکی ماف و ئازادییەکانی هاووڵاتیان و چاودێر و تەواوکەری دەزگاکانی بەڕێوەبردن و یاسادانان.
دەزگایەکی گرنگی تر بانکی ناوەندی ئەمریکا یان فیدراڵ ڕیزێرڤە. ئەم دامەزراوەیە بەرپرسیارە لە سیاسەتی دارایی و نەختینەیی. زۆرجار بڕیارەکانی کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک هەیە؛ وەک نرخی قەرز و سو یان کۆنترۆڵکردنی هەڵکشانی نرخەکان. گرنگییەکەی لەوەدایە کە بڕیارەکانی نابێت تەنها بەپێی بەرژەوەندییە سیاسییە کورتخایەنەکان بێت، بۆیەش فیدراڵ ڕیزێرڤ هەتا ڕادەیەکی زۆر سەربەخۆیە لە حکومەت.
ڕاگەیاندنە ئازادەکانیش بەشێکی بنەڕەتیی ئەم دامەزگا سەربەخۆیانەی دیموکراسی ئەمەریکان. لە ئەمەریکادا، ڕۆژنامە، تەلەڤیزیۆن، پاڵپەڕ و میدیای نوێ دەتوانن بە ئازادی پرسیار لە حکومەت بکەن، ڕووماڵی هەڵەکان بکەن و بابەتە گرنگەکان ئاشکرا بکەن. زۆرجار ئەوە میدیا بووە کە گەندەڵی یان بەکارهێنانی خراپی دەسەڵاتی ئاشکرا کردووە. نموونەی بەناوبانگ پرسی واتەرگێیت بوو، کە ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانان لە کۆتاییدا بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک ریچارد نیکسۆن.
جگە لەوە، زانکۆ و دامەزراوە ئەکادیمییەکان ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە. زانکۆکان تەنها شوێنی خوێندن نیین، بەڵکو بنکەی توێژینەوە، ڕەخنە و گفتوگۆی ئازادن. مامۆستایان و توێژەران دەتوانن سیاسەتەکانی حکومەت هەڵسەنگێنن و بیرۆکەی نوێ بخەنە بەردەم کۆمەڵگە. ئەم ئازادییە زانستییە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە.
دەزگا ناحکومییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکانیش بە هەمان شێوە گرنگن. ڕێکخراوەکانی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، ژینگە، مافەکانی کرێکاران یان ئازادیی مەدەنی، بەردەوام چاودێری حکومەت دەکەن. ئەوان دەنگی ئەو کەسانەن کە هەندێکجار لە سیاسەتی فەرمی دەنگیان نابیسرێت. بۆ نموونە، ڕێکخراوەکانی مافی مەدەنی لە 1960ـەکاندا ڕۆڵێکی گەورەیان هەبوو لە خەبات بۆ یەکسانی نێوان ڕەشپێست و سپیپێست.
یەکێکی تر لە دامەزراوە سەربەخۆکان دەزگاکانی هەڵبژاردنن. هەرچەندە هەڵبژاردن لە ئەمەریکادا لە ئاستی ویلایەت و ناوچەکان بەڕێوە دەچێت، بەڵام بنەماکە ئەوەیە کە پرۆسەی هەڵبژاردن تا ئەو جێگەیەی دەکرێت لە دەستی دەسەڵاتی سیاسی دوور بخرێتەوە. ئەمە بۆ دروستکردنی متمانەی گشتی گرنگە. ئەگەر خەڵک باوەڕیان بە پاکی هەڵبژاردن نەبێت، بناغەی دیموکراسی لاواز دەبێت.
لە کۆتاییدا، دەزگا سەربەخۆکان وەک تەنها دامەزراوەی فەرمی نابینرێن، بەڵکو ئەوان سیستەمێکن بۆ پاراستنی دیموکراسی. ئەوان سنوور بۆ دەسەڵات دادەنێن، مافەکان دەپارێزن و ڕێگا بۆ ڕەخنە و چاودێری دەکەنەوە. بەبێ ئەم دامەزراوانە، هەڵبژاردن بە تەنها ناتوانێت دیموکراسی بەهێز بکات.
هێزی ڕاستەقینەی ئەمەریکا لەوەدایە کە زۆر دەنگ، زۆر دامەزراوە و زۆر ناوەند هەن کە هیچ کەسێک ناتوانێت بە تەواوەتی کۆنترۆڵیان بکات. هەر ئەمەشە کە دیموکراسی ئەمەریکای لە ماوەی دوو سەدە و نیو زیاتر بەردەوام بەهێز هێشتووەتەوە. واتا ئەگەر کۆمەڵگە وەکو جەستەی مرۆڤ بەراورد بکەین و دیموکراسی وەکوو دۆخی تەندروستی، ئەم دامازراوەنە بە یەکەوە سیستەمی بەرگری کۆمەڵگا بۆ پاراستنی دیموکراسی پێک دەهێنن.



