بەغدا – INA

پارێزگای بەغدا، ئەمڕۆ هەینی، هەموارکردنەوەی نرخی فەرمیی مۆلیدەکانی بۆ مانگی تەمووز ڕاگەیاند.

پارێزگای بەغدا لە ڕاگەیەندراوێکدا، کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە، ئاماژەی بەوە کردووە: "هاوشان لەگەڵ بارودۆخی ئابووری و داواکاریی هاووڵاتیان، و وەک تەواوکەری ڕێنماییەکانی پێشوو و پشتبەستن بە ڕێنماییەکانی سەرۆک وەزیران و بڕیاری وەزارەتی نەوت بۆ دابینکردنی بەشە سووتەمەنی (بەخۆڕایی)، پارێزگای بەغدا هەموارکردنەوەی نرخی فەرمیی مۆلیدە ئەهلی و حکومییەکانی بۆ مانگی تەمووز ڕاگەیاند."

ڕوونیشیکردەوە کە نرخەکان دوای هەموارکردنەوە بەم شێوەیەیە: "بۆ هێڵی زێڕین (کارکردنی ٢٤ کاتژمێری) بڕی ١٠ هەزار دینار بۆ هەر ئەمپێرێک دیاریکراوە. هەروەها بڕیاردراوە کارکردنی شەوانە بەتەواوی هەڵبوەشێنرێتەوە و تەنها کارکردن بە هێڵی زێڕین بێت بە هاوبەشی لەگەڵ کارەبای نیشتمانیدا. سەبارەت بەو ناوچانەشی کە سیستەمی کۆکردنەوەی پارەیان تێدایە ، نرخی هەر ئەمپێرێک تەنها ٥ هەزار دینار دەبێت."

ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: "بڕیارەکە لایەنە پەیوەندیدارەکان پابەند دەکات بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی بۆ ئەنجامدانی گەڕانی مەیدانی و چاودێریکردنی نرخەکان و پابەندکردنی خاوەن مۆلیدەکان پێیانەوە. هەروەها خاوەن مۆلیدەکان پابەند کراون بە دانانی تابلۆی ڕوونی نرخەکان و پێدانی پسوڵەی فەرمی بە هاووڵاتیان، بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە."

لە کۆتاییدا هاتووە: "داوا لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا دەکەین ڕۆڵی چاودێریی خۆیان بگێڕن، هەروەها داوا لە هاووڵاتیانیش دەکەین هەر سەرپێچییەک لە ڕێگەی ئەو ژمارە تەلەفۆنانەوە ڕابگەیەنن کە بۆ سکاڵاکان تەرخان کراون.