بەغدا – INA

تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراقی میوانداریی کۆبوونەوەیەکی کرد لەگەڵ شاندێکی ڕاگەیاندنی تایبەتمەند بە ڕووماڵکردنی ڕێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی شەهید سەید عەلی خامنەیی، بە مەبەستی تاووتوێکردنی ئامادەکارییەکانی پلانی ڕاگەیاندنی تایبەت بەو ڕێوڕەسمەی بڕیارە لە ٨ی ئەم مانگەدا لە نەجەفی ئەشرەف و کەربەلای پیرۆز بەڕێوەبچێتت.

کەریم حەمادی، سەرۆکی تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراقی، لە میانی کۆبوونەوەکەدا ئاگاداری ڕێڕەوی پەسەندکراوی ڕێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمەکە بوو، کە لە فڕۆکەخانەی نەجەفی ئەشرەفەوە دەستپێدەکات، بە ناو مەزارگەی پیرۆزی عەلەویدا تێدەپەڕێت تا دەگاتە کەربەلای پیرۆز. حەمادی جەختی لە ئامادەیی تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراقی کردەوە بۆ خستنەگەڕی هەموو تواناکانی مرۆیی، تەکنیکی و لۆجستی، بە جۆرێک کە جێبەجێکردنی ڕووماڵێکی ڕاگەیاندنی پیشەیی و گشتگیر دەستەبەر بکات کە هاوشانی قۆناغە جیاوازەکانی ڕێوڕەسمەکە بێت.

هەروەها ئامادەبووان لایەنە تەکنیکی و لۆجستییەکان و میکانیزمەکانی هەماهەنگیی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانیان تاووتوێ کرد، بۆ دەستەبەرکردنی جێبەجێکردنی پلانی ڕاگەیاندنەکە بە کاراییەکی بەرز، ئەوەش بە ئامادەبوونی شاندی ڕاگەیاندنی تایبەتمەند و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی دامەزراوەکانی ناو تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراقی.