بەغدا – INA
وەزیری دەرەوە، فوئاد حوسێن، ئەمڕۆ پێنجشەممە جەختی لە گرنگیی پەرەپێدانی ئەدای دیپلۆماسی و بەهێزکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ ڕەوەندی عێراقی لە پورتوگال کردەوە.
وەزارەتی دەرەوە لە ڕاگەیەندراوێکدا، کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە، ڕایگەیاند: وەزیری دەرەوە، فوئاد حوسێن، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەی بۆ پورتوگال، لەگەڵ ستافی باڵیۆزخانەی کۆماری عێراق لە لیسبۆنی پایتەخت کۆبووەوە."
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، وەزیر لە میانی کۆبوونەوەکەدا گوێبیستی پوختەیەک بوو کە لەلایەن ستافی باڵیۆزخانەکەوە پێشکەش کرا سەبارەت بە بەڕێوەچوونی کارە دیپلۆماسی و کونسوڵییەکان، و ئەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و پورتوگال، جگە لەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش بە ئەندامانی ڕەوەندی عێراقی نیشتەجێی پورتوگال دەکرێن.
وەزیر جەختی کردەوە لەسەر "گرنگیی بەرزکردنەوەی ئاستی ئەدای دیپلۆماسی و کونسوڵی، بە جۆرێک کە هاوتەریب بێت لەگەڵ ئاراستەکانی حکومەتی عێراق و وەزارەتی دەرەوە." هەروەها جەختیشی کردەوە لەسەر "پێویستیی بەردەوامبوون لە کارکردن بە گیانی یەک تیم و بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی پورتوگال، بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و فراوانکردنی ئاسۆکانی هاوکاریی هاوبەش لە بوارە جیاوازەکاندا."
لە کۆتاییدا وەزیر ستایشی ئەو هەوڵانەی کرد کە باڵیۆز و ستافی باڵیۆزخانەکە بۆ نوێنەرایەتیکردنی عێراق و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتیانی عێراقی دەیدەن، دووپاتیشی کردەوە کە وەزارەتی دەرەوە پەرۆشە بۆ دابینکردنی پشتگیریی پێویست بۆ نێردە دیپلۆماسییەکانی عێراق تاوەکو بتوانن ئەرکەکانیان بە کارایی و لێهاتوویی ئەنجام بدەن.

