بەغدا- INA

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، خەرجکردنی هاوکاریی کۆمەڵایەتیی مانگی تەمووزی بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن خێزان ڕاگەیاند.

ئەحمەد موسەوی، سەرۆکی دەستەی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە ڕاگەیەندراوێکدا، کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە، ڕایگەیاند: "هاوکاریی کۆمەڵایەتیی مانگی تەمووزی ٢٠٢٦ بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن و (٥١) هەزار خێزان لە بەغدا و پارێزگاکان، جگە لە هەرێمی کوردستان، خەرجکرا، کە کۆی گشتیی بڕەکەی زیاتر لە (٤٣٩) ملیار دیناری عێراقییە."

ئاماژەی بەوەش کرد، کە "ئەم وەجبەیە زیاتر لە یەک ملیۆن و (٤٨٦) هەزار خێزانی گرتووەتەوە کە پیاو سەرپەرشتیاریانە، بە بڕی زیاتر لە (٣٥٤) ملیار دینار، جگە لە زیاتر لە (٥٦٤) هەزار خێزان کە ژن سەرپەرشتیاریانە، بە بڕی زیاتر لە (٨٤) ملیار دینار."

موسەوی داوای لەو خێزانانە کرد کە ناویان لە لیستەکەدایە، سەردانی بنکە باوەڕپێکراوەکانی وەرگرتنی پارە بکەن بۆ وەرگرتنی شایستەکانیان. جەختیشی کردەوە کە دەستەکە پەرۆشە بۆ ئەوەی ڕێکارەکانی خەرجکردن بە ئاسانی بەڕێوەبچن و هاوکارییەکان لە کاتی دیاریکراودا بگەنە دەست شایستەبووان.

لە کۆتاییدا هاتووە کە خەرجکردنی ئەم بڕە پارەیە لە چوارچێوەی پابەندبوونی وەزارەتە بە بەردەوامبوونی پشتیوانیکردنی ئەو خێزانانەی سوودمەندن لە بەرنامەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی سەقامگیریی بژێوی بۆ ئەو توێژانەی زۆرترین پێداویستییان هەیە