حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند شەش پێشمەرگەیان لە تێکهەڵچوونێکی چەکداری لەگەڵ هێزەکانی سوپای پاسداران لە پیرانشار کوژراون.

بەپێی ڕاگەیێنراوی ناوەندی ڕێکخستنی نهێنیی حزبی دێموکرات، ئەو تێکهەڵچوونە شەوی چوارشەممە 10ـی پووشپەڕ (1ـی حەوتی 2026) لە گوندی قزقەپان، کە نزیکەی سێ کیلۆمەتر لە پیرانشار دوورە، ڕوویداوە.

ئەو حزبە دەڵێت پۆلێک لە پێشمەرگەکان کە بۆ "ئەرکێکی سیاسی و تەشکیلاتی" لە ناوچەکە بوون، کەوتوونەتە کەمینی هێزێکی زۆری سوپای پاسداران.

حزبی دێموکرات ڕایگەیاند ئەو شەش پێشمەرگەیە بریتین لە کارۆ هۆرمزیاری، فەردین چەنگیزی، محەممەد خاکی، عەبدوڵا محەممەدپوور، توانا عوسمانی و محەممەد ئەمین بایەزیدی.

لە پێشهاتێکی تردا لە هەرێمی کوردستان، حزبی دێموکرات ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند "سوپای پاسدارانی تیرۆرست" بە درۆن هێرشی کردووەتە سەر پێگەیەکی حزبەکە لە شاخی بالیسان لە باکوری شاری کۆیە. حزبی دێموکرات هیچ زانیارییەکی لەسەر زیانەکانی هێرشەکە ڕانەگەیاندووە، بەڵام وتویەتی لە کاتی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ڕژێمی ئێران زیاتر لە 140 هێرشتی مووشەک و درۆنی بۆ سەر بارەگاکانی ئەو حزبە ئەنجام داوە.

لە هەمان کاتدا، هەندێک ڕاپۆرت باس لەوە دەکەن کە شەوی چوارشەممە لە دەوروبەری پیرانشار وسەردەشت تێکهەڵچوونی چەکداری لەنێوان گرووپە چەکدارە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی و هێزەکانی سوپای پاسداران ڕووی داوە.

ئەم ڕووداوانە دوای ئەوە دێن کە ڕۆژی چوارشەممە میدیای ئێران ڕایانگەیاند دوو ئەندامی سوپای پاسداران شەوی دووشەممە لە پاوە کوژراون.

هەروەها، پژاک ڕایگەیاند چوار ئەندامی ئەو ڕێکخراوەش لە تێکهەڵچوونێک لەگەڵ سوپای پاسداران کوژراون.

ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی سەرچاوە خۆجێیەکان، ڕۆژی چوارشەممە کاتژمێر 8ـی ئێوارە، هێزەکانی ئاسایشی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە مەهاباد ‌هێرشیان کردووەتە سەر کۆمەلێک گەنج. لە ئەنجامی ئەو ڕووداوەدا، هاووڵاتییەک بە ناوی سیاوەش ئەلەک کوژرا و چەند کەسی دیکەش بریندار بوون. بەپێی ئەو سەرچاوانە، دوای ڕووداوەکە، دۆخی مەهاباد ئاڵۆزی تێکەوتووە و هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش لە ناو شارەکەدا بڵاوەیان پێ کراوە.