بەدواداچوون - INA

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ، ئەمڕۆ پێنجشەممە، کۆتاییهاتنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی "هانتا"ی دەگمەنی ڕاگەیاند، کە پێشتر بە گەشتێکی کەشتییەکی گەشتیارییەوە بەسترابووەوە، ئەوەش دوای تەواوکردنی ڕێکارە پزیشکییەکان بۆ دوایین ئەو کەسانەی بەرکەوتنیان لەگەڵ تووشبوواندا هەبووە.

ئاژانسی هەواڵی "ڕۆیتەرز" لە ڕاپۆرتێکدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بەدواداچوونی بۆ کردووە، لە زاری ڕێکخراوەکەوە جەختی کردەوە: "بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بە فەرمی کۆتاییهات، دوای ئەوەی دوایین کەس کە وەک بەرکەوتەی کەسێکی تووشبوو دەستنیشانکرابوو، ماوەی کەرەنتینەی بڕیاردراوی تەواو کرد و ئەنجامی پشکنینەکەشی نەرێنی دەرچوو."

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بووەتە هۆی تووشبوونی ١٣ کەس و گیانلەدەستدانی سێ کەسی دیکە. ڕوونیشیکردەوە کە تووشبوونەکان لە جۆری (ئەندێز) بوون، کە جۆرێکی دەگمەنی ڤایرۆسی هانتایە و بەزۆری لە ئەرجەنتین و چیلی بڵاودەبێتەوە.

شایەنی باسە کەشتییە گەشتیارییەکەی بەناوی "MV Hondius" کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەی تێدا تۆمارکرا، لە یەکی نیسانی ڕابردوودا لە ئەرجەنتینەوە بەڕێکەوتبوو، پێش ئەوەی بە هەوڵە تەندروستییە نێودەوڵەتییەکان ڕێگری لە تەشەنەسەندنی نەخۆشییەکە بکرێت.