بەغدا - INA- ئامنە سەلامی
وەزارەتی کشتوکاڵ، ئەمڕۆ پێنجشەممە جەختی کردەوە کە بڕیاری قەدەغەی هەمیشەیی بۆ هاوردەکردنی دوگی مەڕ و چەورییە دەستکردەکان، بۆ پاراستنی تەندروستی بەکاربەر و دەستەبەرکردنی سەلامەتی خۆراک دەرچووە. هاوکات داوای لە لایەنە ئەمنی و تەندروستییەکان کرد لێپرسینەوە لەو کەسانە بکەن کە تێوەگلاون لە قاچاخچێتی و مامەڵەکردن بەو ماددانە لە بازاڕەکاندا.
مەهدی سەهر جبووری، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "دابینکردنی خۆراکی تەندروست و سەلامەت بۆ هاووڵاتیان، پاراستنی بەکاربەر و پاراستنی تەندروستی مرۆڤ و سەلامەتی خۆراک لە گرنگترین ئامانجەکانی وەزارەتی کشتوکاڵن،" ئاماژەی بەوەش کرد کە "لەسەر ئەم بنەمایە، وەزارەت بڕیاری قەدەغەی هەمیشەیی بۆ هاوردەکردنی دوگی مەڕ و چەورییە دەستکردەکانی پەسەند کردووە."
جبووری وتیشی: "وەزارەت بە شێوەیەکی بڕاوە هاتنەناوەوەی دوگی مەڕ و چەوریی ئاژەڵی کە بە ڕێگای نایاسایی لە دەروازە سنوورییەکانەوە دەهێنرێن، قەدەغە کردووە." ڕوونیشیکردەوە کە "ئەو دوگەی هاوردە دەکرێت زۆربەی جار لە ڕۆنی ڕوەکیی هایدرۆجینکراو دروستکراوە، ئەمەش مەترسییەکی ڕاستەقینەیە بۆ سەر تەندروستی گشتی، چونکە دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ، خوێنبەرەکان و جگەر، جگە لە قەڵەوییەکی زۆر."
بریکاری وەزارەت داوای لە هەموو لایەنە ئەمنی و تەندروستییەکان کرد هەوڵەکانی چاودێری و پشکنین چڕتر بکەنەوە، و ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر ئەو کەسانە بگرنە بەر کە تێوەگلاون لە قاچاخچێتی یان مامەڵەکردن بەو ماددانە بە شێوەیەکی نایاسایی. جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستیی ڕێگریکردن لە فرۆشتنیان لە بازاڕە ناوخۆییەکانی هەموو پارێزگاکان، بەهۆی ئەو کاریگەرییە نەرێنییانەی ڕاستەوخۆ لەسەر تەندروستی و سەلامەتی هاووڵاتیان دروستی دەکەن.
