بەدواداچوون - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، کازم ئابادی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، کۆتاییهاتنی گفتوگۆکانی لەگەڵ هەردوو لایەنی قەتەری و پاکستانی لە دەوحە ڕاگەیاند، و جەختیشی لەسەر بەڕێوەچوونی یەکەمین کۆبوونەوەی تیمی چاودێریکردنی جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە کردەوە، لەگەڵ تاوتوێکردنی چەند دۆسیەیەکی پەیوەندیدار بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە، لەوانەش پابەندبوونەکانی ئەمریکا، گۆڕانکارییە ئەمنییەکانی ناوچەکە، و میکانیزمی بەکارهێنانی بەشێک لە داراییە بلۆککراوەکانی ئێران.
ئابادی ڕایگەیاند: "یەکەمین کۆبوونەوەی تیمی چاودێریکردنی جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە بە ئامادەبوونی شاندەکانی ئێران، قەتەر و پاکستان بەڕێوەچوو".
جەختیشیکردەوە: "لایەنی ئێرانی لە کاتی کۆبوونەوەکەدا، ئەوەی خستیەڕوو کە بە پێشێلکارییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناوی برد بەرامبەر بە پابەندبوونەکانی بەپێی بڕگەی یەکەمی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە، کە تایبەتە بە کۆتاییهێنان بە جەنگ لە لوبنان".
وتیشی: "کۆبوونەوەکە لەگەڵ هەردوو شاندی قەتەری و پاکستانی، چەند ڕاپۆرتێکی تاوتوێ کردووە سەبارەت بە بەهێزکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و ئەو هەڕەشەیانەی لە واشنتنەوە دەردەچن"، و جەختیشی کردەوە کە "پابەندبوونەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە کۆمەڵە بابەتێکی تەواوکاری یەکترین و ناکرێت بە جیاواز سەیر بکرێن".
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە "ڕێککەوتن لەسەر دروستکردنی کەناڵێکی پەیوەندیی بەپەلە بۆ تیمی چاودێریکردنی جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە" کرد، بە جۆرێک کە تا سبەی بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هەروەها ڕوونیکردەوە: "چەند پرسێک لەگەڵ بەرپرسانی قەتەری تاوتوێ کراون سەبارەت بە خەرجکردنی بەشێک لە داراییە بلۆککراوەکانی ئێران کە بڕەکەی دەگاتە شەش ملیار دۆلار"، و ئاشکراشیکرد کە "بڕیاردراوە بەشێک لەم پارانە بۆ کڕینی کاڵا بەپێی پێداویستییەکانی ئێران بەکاربهێنرێت".


