بەغداد - INA

وەزارەتی دەرەوە و دەستەی نیشتمانیی خانەنشینی، ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێککەوتن لەسەر چالاککردنی بڕوانامەی ژیانی ئەلیکترۆنی.

وەزارەتی دەرەوە لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری فرەلایەن و کاروباری یاسایی، و سەرۆکی لێژنەی ئاسانکاری ڕێکارەکان لە وەزارەت باڵیۆز شۆڕش خالید سەعید، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی کرد لەگەڵ سەرۆکی دەستەی نیشتمانیی خانەنشینی، عەبدولحەسەن جەمال عەبدوڵا، بە مەبەستی تاووتوێکردنی میکانیزمەکانی دەستپێکردنی پڕۆژەی بڕوانامەی ژیانی ئەلیکترۆنی، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقدا بۆ گۆڕانکاری دیجیتاڵی و ئاسانکاری لە ڕێکارە حکومییەکاندا."

ڕوونیشیکردەوە: "لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەرانی وەزارەتی پەیوەندییەکان/کۆمپانیای گشتی پۆست و پاشەکەوت (خزمەتگوزاری ئاسانكاری)، لە پاڵ نوێنەرانی لێژنەی باڵای ئاسانکاری ڕێکارە حکومییەکان لە نوسینگەی سەرۆک وەزیران بەشداربوون، ئەمەش بۆ ڕاوێژکردن سەبارەت بە ڕاگەیاندنی پڕۆژەی بڕوانامەی ژیانی ئەلیکترۆنی، کە لە سۆنگەی پەرۆشی وەزارەتی دەرەوە دێت بۆ جێبەجێکردنی پلانە ستراتیژییەکانی بۆ گۆڕانکاری دیجیتاڵی و پەرەپێدانی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش بە هاووڵاتیان دەکرێن."

بەپێی بەیاننامەکە، باڵیۆز شۆڕش خالید سەعید جەختیکردەوە کە: "پڕۆژەکە لە چوارچێوەی ئاڕاستەکانی وەزارەتی دەرەوەدا دێت بۆ پشتبەستن بە بەرنامە و خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییە نوێیەکان، بەشێوەیەک کە بەشدار بێت لە ئاسانکردنی ڕێکارەکانی پەسەندکردن (تصديق) و بەدۆکیومێنتکردن، و بەرزکردنەوەی ئاستی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش بە هاووڵاتیانی عێراقی لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق دەکرێن، هاوتەریب لەگەڵ ئاڕاستەکانی حکومەتی عێراق لە ئاسانکردنی ڕێکارە حکومییەکان و بەهێزکردنی گۆڕانکاری دیجیتاڵی."

وەزارەت ئاماژەی بەوەشکرد: "لایەنە پەیوەندیدارەکان پێشکەشکارییەکی ڕوونکردنەوەییان نمایش کرد سەبارەت بەو میکانیزمە پێشنیارکراوانەی کە بۆ پێشکەشکردنی داواکارییەکانی پەسەندکردن و بەدۆکیومێنتکردنی بڕوانامەی ژیان بە شێوازی ئەلیکترۆنی دانراون، بەجۆرێک کە گەرەنتی پەسەندکردنی و گەیاندنی بە دەستەی نیشتمانیی خانەنشینی بە شێوازێکی نەرم و کاریگەر بکات."

لە لای خۆیەوە، سەرۆکی دەستەی نیشتمانیی خانەنشینی، عەبدولحەسەن جەمال عەبدوڵا، ئامادەیی دەستەکەی دەربڕی بۆ "پێشکەشکردنی سەرجەم توانای پێویست بۆ چالاککردنی پڕۆژەی بڕوانامەی ژیانی ئەلیکترۆنی، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و کۆمپانیای گشتی پۆست و پاشەکەوت، بەشێوەیەک کە بەشدار بێت لە خزمەتکردنی هاووڵاتیان، بەتایبەتی توێژی خانەنشینان، و ئاسانکاری لە ڕێکارەکانی تایبەت بەواندا."

وەزارەت ڕوونیشیکردەوە: "بەشداربووان لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ڕێککەوتن لەسەر ڕاگەیاندنی پڕۆژەکە و دەستپێکردنی جێبەجێکردنی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، لەگەڵ بەستنی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی تیمە تەکنیکییە پسپۆڕەکان لە وەزارەتی دەرەوە و دەستەی خانەنشینی نیشتمانی، بۆ تەواوکردنی لایەنە تەکنیکییەکان و دانانی کۆتا دەستکارییە پێویستەکان بۆ سەرخستنی پڕۆژەکە."