دیوانیە – INA – سفات عەزاوي

کەسایەتییە عەشایەری و کۆمەڵایەتییەکان لە پارێزگای دیوانیە، ئەمڕۆ چوارشەممە، پاڵپشتی خۆیان بۆ ڕێکارەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران عەلی فالح زەیدی، لە بواری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی ماڵی گشتی ڕاگەیاند.

لە میانەی کۆبوونەوەیەکدا کە ژمارەیەک لە پیاوان و شێخانی پارێزگاکەی لەخۆگرتبوو، شێخی حەجامی فورات نەبیل حسێن عامری، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی، ڕاگەیاند: "کۆبوونەوە لەگەڵ پیاوان و شێخانی پارێزگای دیوانیە، بە ئامانجی پشتیوانیکردن و یارمەتیدانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، عەلی فالح زەیدی هاتووە، لە هەوڵەکانیاندا بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان."

وتیشی: "بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان، هەنگاوێکی گرنگە لە ئاڕاستەی ڕاست بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری، کە تێیدا یاساکان جێبەجێ بکرێن و گەندەڵکاران لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت."

لەلای خۆیەوە، گەورەی سادات ئال حسێن ئال بو شتیوی، عەلی سەید دەواس بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی، ڕاگەیاند: "پاڵپشتی هەوڵەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەکەین بۆ وشککردنی سەرچاوەکانی گەندەڵی، چونکە وڵات بەدەست چەندین کێشە و کەمییەوە دەناڵێنێت لە کەرتەکانی پەروەردە، کارەبا، ئاوەڕۆ و تەندروستیدا."

جەختیشیکردەوە: "بنبڕکردنی گەندەڵی بەشدار دەبێت لە دابینکردنی سەرچاوە داراییە پێویستەکان بۆ چارەسەرکردنی زۆرێک لەو تەحەددیانەی ڕووبەڕووی کەرتە زیندوو و گرنگەکان دەبنەوە."

لای خۆشیەوە، هادی سەید حسێن غالیبی، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: "مژدەی خێرمان لێخوێندەوە لەو ڕێکارانەی کە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دژی گەندەڵکاران گرتوویەتییەبەر، ئەوانەی کە دەستدرێژییان کردووەتە سەر پارەی گەل، و چاوەڕوانی بنبڕکردنی ئەم ئافەتە دەکەین."

دوپاتیشیکردەوە: "دانیشتووانی پارێزگای دیوانیە، لە سادات، شێخان و ڕۆشنبیران، ئەمڕۆ بە پاڵپشت و پشتیوان بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە هەوڵەکانیدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی وەستاون."

پێشتر سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران عەلی فالح زەیدی، جەختی کردبووەوە: حکومەت بەردەوامە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، و پێداگری لەسەر ئەوە کردبوو کە ئەمە "هەنگاوی یەکەمە" و هەنگاو و ڕێکاری تری بەدوادا دێت، لە کاتێکدا بەڵێنی دابوو بە گەڕاندنەوەی ماڵی گشتی و قەتیسکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا.