بەغداد - INA
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی فیدراڵی محەمەد عەلی لامی، ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی باسم بەدری، تاوتوێی چوارچێوەکانی هاوکاری هاوبەش و هەماهەنگی باڵای کرد لە جێبەجێکردنی پرۆسەکانی دەستبەسەرداگرتندا.
لە بەیاننامەیەکی دەستەکەدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، هاتووە: "سەرۆکی دەستەی دەستپاکی فیدراڵی محەمەد عەلی لامی، لە میانەی دیدارەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی باسم بەدری، جەختیکردەوە: کە تەواوکاری نێوان دەزگا چاودێرییەکان، دەسەڵاتی دادوەری و لایەنەکانی جێبەجێکردنی یاسا بە شێوازێکی کاریگەر بەشدار بووە لە جێبەجێکردنی پرۆسەکانی ئەم دواییەی دەستبەسەرداگرتندا، کە بوونە هۆی جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردن دژی ژمارەیەک لە تۆمەتبارە پلەباڵاکان و گەڕاندنەوەی دەیان ملیار دینار بۆ گەنجینەی دەوڵەت."
لامی ستایشی "ئاستی پێشکەوتووی هەماهەنگی نێوان دەستەکە و دەزگاکە"ی کرد، بەتایبەتی لە جێبەجێکردنی فەرمانە دادوەرییەکاندا، و جەختیشیکردەوە کە "پرۆسەکانی دەستبەسەرداگرتن بەشدارن لە سنووردارکردنی حاڵەتەکانی مساوەمە و تەنگپێهەڵچنین کە ڕەنگە هاووڵاتیان ڕووبەڕووی ببنەوە؛ لە پێناو بەدەستهێنانی خزمەتگوزارییەکان یان ڕاییکردنی مامەڵەکانیان."
لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی باسم بەدری "ئامادەیی دەزگاکەی نیشاندا بۆ چڕکردنەوەی ئاستی هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ دەستەکەدا، بە شێوازێک کە پاراستنی هاووڵاتیان لە تاوانەکانی گەندەڵی بەهێزتر بکات، و ستایشی جێبەجێکردنی پرۆسەکانی ئەم دواییەی دەستبەسەرداگرتنی کرد و بەشداربوونیان لە بەهێزکردنی متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا."
