ئەنبار – INA – ئەحمەد دلێمی

قایمقامی قەزای ڕوتبە عیماد مەشعەل دلێمی، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند: كارپێكردنی پڕۆژەی بەستنەوەی كارەبای عێراق-ئوردن نزیكبووەتەوە.

دلێمی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: "بەدواداچوون بۆ پڕۆژەی بەستنەوەی كارەبای عێراق-ئوردن بەردەوامە، ئەمەش وەک جێبەجێكردنی ڕێنماییەکانی پارێزگاری ئەنبار و حکومەتی خۆجێییە بۆ گرنگیدان بە پڕۆژە ستراتیژییەکان لە قەزاکەدا."

وتیشی: "یەکەمین باری کەرەستەی خاو تایبەت بە تاوەرەکانی گواستنەوەی وزە گەیشتووەتە شوێنی پڕۆژەکە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنی جێگیرکردنی 63 تاوەر بەمەبەستی بەستنەوەی وێستگەی 400 کیلۆڤۆڵت لە ڕوتبە لەگەڵ مەخفەری (الـ 25) لەسەر هێڵی سەرەکی بەستنەوەی نێوان عێراق و ئوردن."

ئاماژەی بەوەشکرد: "کارەکان لە وێستگەی گەڕۆکی 400 کیلۆڤۆڵت لە ڕوتبە گەیشتوونەتە قۆناغەکانی کۆتایی، و دوای تەواوبوونی جێگیرکردنی تاوەرەکان، بەستنەوەی کارەبا لەگەڵ لایەنی ئوردنی بە توانای سەرەتایی 200 مێگاوات ئەنجام دەدرێت، لەگەڵ ئەگەری زیادکردنی لە داهاتوودا بۆ 500 مێگاوات."

باسی لەوەشکرد: "پڕۆژەکە دەبێتە زیادكردنێكی گرنگ بۆ تۆڕی نیشتمانی، چونکە بەشدار دەبێت لە باشترکردنی کاتەکانی دابینکردنی کارەبا لە قەزاکانی قائیم، ڕاوە و عانە، هەروەها نەرمی و ئاسایشی زیاتر بە شارۆچکەی ڕوتبە دەبەخشێت لە دابینکردنی وزەدا لە ڕێگەی بەستنەوەی بۆ یەکەمجار بە تۆڕی هێڵەکانی 400 کیلۆڤۆڵت."

دلێمی ئاشكراشیكرد: "لایەنە تەکنیکییەکانی پڕۆژەکە لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا ئامادە دەبن، لە کاتێکدا تەنها تەواوکردنی ڕێکارە کارگێڕییەکانی نێوان وەزارەتی کارەبا و لایەنی ئوردنی دەمێنێتەوە وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنی کارپێکردنی بەستنەوەکە، کە چاوەڕوان دەکرێت ڕەنگدانەوەی ئەرێنی هەبێت لەسەر جێگیری دابینکردنی کارەبا لە ناوچەی ڕۆژئاوا."