بەغداد – INA – ئامنە سەلامی

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، نیشتەجێبوون و شارەوانییە گشتییەکان، ئەمڕۆ سێشەممە، ڕایگەیاند کە دەستپێشخەریی یەک ملیۆن پارچە زەویی نیشتەجێبوون کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند کراوە، سەرجەم پارێزگاکان دەگرێتەوە، ئەوەش لە ڕێگەی سوودوەرگرتن لەو ڕووبەرە گەورانەی زەوی کە تێیاندا هەیە.

نەبیل سەفار، وتەبێژی وەزارەت، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "دەستپێشخەریی یەک ملیۆن پارچە زەویی نیشتەجێبوون سەرجەم پارێزگاکان دەگرێتەوە، ئەمەش بە سوودوەرگرتن لەو ڕووبەرە گەورانەی زەوی کە تێیاندا هەیە، دوای چارەسەرکردنی لێکەوتەکانی خاوەندارێتی ئەو زەوییانە و ئەو سەرپێچیانەی کرابوونە سەریان، لەگەڵ جێگیرکردنی سنوورە عەقارییەکانیان (تاپۆ) و ئامادەکردنی دیزاینە سەرەکییەکان (ماستەرپلان) بۆیان".

وتیشی: "پڕۆژەکە هاوتەریبە لەگەڵ ئەوەی وەزارەت پێشتر داوای کردبوو سەبارەت بە پێویستیی بەدیهێنانی شێوازی هاوبەشی لەگەڵ پەرەپێدەران و وەبەرهێنەراندا بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بۆ ئەم زەوییانە، بە مەبەستی دەستەبەرکردنی دابەشکردنیان بە سەر کەسانی شایستەدا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "سەرجەم سیاسەتەکانی ڕابردوو لە چارەسەرکردنی قەیرانی نیشتەجێبووندا، تەنها جەختیان لەسەر بابەتی دابەشکردنی پارچە زەویی نیشتەجێبوون دەکردەوە کە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانیان بۆ دابین نەکرابوو، ئەمەش وای لە هاوڵاتیان دەکرد سڵ بکەنەوە لە سوودوەرگرتن لێیان و نیشتەجێبوون تێیاندا، و ئەو پرۆسەیە لەو کاتەدا ئەنجامە خوازراوەکانی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی نیشتەجێبوون بەدی نەهێنا".

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌یش وت كه‌ "ئاڕاستەی ئێستا بریتییە لە چۆنیەتی گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بۆ زەوییەکان لە ڕێگەی پەرەپێدەرانەوە، بۆ سووککردنی ئەو بارگرانییەی لەسەر شانی دەوڵەتە لە بابەتی دابینکردنی تەرخانکردنی دارایی پێویست بۆ خزمەتگوزاریی ئەم زەوییانە"، لای خۆشیەوە ئاماژەی بەوە کرد کە "لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران عەلی فالح زەیدی پێکهێنراوە، و یەکێک لە ئەرکەکانی ئەو لیژنەیەش دەستنیشانکردنی ئەو زەوییانەیە کە دەکرێت سوودیان لێ ببنرێت، چونکە وەزارەت لێکتێگەیشتنی پێشتری لەگەڵ پارێزگاکاندا هەیە لە ڕێگەی دەستەی جێبەجێکردنی شارە نوێیەکانی نیشتەجێبوونەوە بۆ دیاریکردنی شوێنی ئەو زەوییانەی کە بڕیار بوو شاری نوێی نیشتەجێبوونیان لەسەر دروست بکرێت، کە دەکرێت ئێستا سوودیان لێ ببینرێت بە گۆڕینیان بۆ پڕۆژەی پەرەپێدەری عەقاری ، چونکە بابەتەکە هێشتا لە قۆناغی لێکۆڵینەوە و پێداچوونەوەدایە بۆ بەدیهێنانی زۆرترین سوود کە دابینکردنی پارچە زەویی نیشتەجێبوونی خزمەتگوزاریی پێشکەشکراو دەستەبەر بکات".

لە کۆتاییدا وتی: "لە ڕێگەی ئەو لیژنەیەوە ڕێسا و مەرجەکان بۆ ئەو کەسە شایستەیانەی کە دابەشکردنی زەوییەکان دەیانگرێتەوە دیاری دەکرێن، بە مەبەستی گرتنەوەی ئەو کەسانەی کە زۆرترین شایستەیین و بە شێوەیەکی سەربەخۆ خاوەنی هیچ پارچە زەوییەک یان یەکەیەکی نیشتەجێبوون نین".