هەمەڕەنگ – INA
دکتۆر ئەندریە سکالنی، مامۆستای یاریدەدەر لە کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی دۆستایەتی گەلان لە ڕووسیا، ڕایگەیاند کە میوەکان ڕێژەیەکی بەرزی ڕیشاڵ (fiber) و شەکر لەخۆدەگرن.
بەپێی وتەکانی ئەو، ئامۆژگاری دەکرێت کە زیادەڕۆیی لە خواردنیاندا نەکرێت، چونکە جەستەی مرۆڤ زۆرجار ناتوانێت بڕێکی زۆر لە شەکر و ڕیشاڵ بە شێوەیەکی تەواو و تەندروست هەرس بکات.
ئەو دەڵێت: "بابەتەکە پەیوەندی بە زیانێکی ناڕوون یان تەمومژاوی لە میوەکاندا نییە، بەڵکو زۆر بە سادەیی، کاتێک بڕێکی زۆری لێ دەخورێت بە یەکجار، جەستە ژەمێکی لەپڕ و گەورە لە ڕیشاڵ و شەکرەکانی پێدەگات، ئەمەش کۆئەندامی هەرس و بەکتریای ڕیخۆڵە ناچار دەکات کە بە شێوەیەکی بەربڵاو خۆیان بگونجێنن بۆ چارەسەرکردن و مژینی هەموو ئەو بڕە، ئەمەش بۆ زۆر کەس دەبێتە هۆی ماندووبوون و دەرکەوتنی نیشانەی نائارام کەرەوە".
بەپێی وتەکانی ئەو، بۆ نموونە یەک کیلۆگرام گێلاس 20-30 گرام ڕیشاڵی تێدایە، ئەم بڕەش بە نزیکەیی تەواوی پێداویستیی ڕۆژانەی کەسێکی پێگەیشتوو بۆ ڕیشاڵ دابین دەکات. بێگومان ڕیشاڵ خۆی لە خۆیدا بەسوودە، چونکە جووڵەی ڕیخۆڵە چالاک دەکات و یارمەتی ڕزگاربوون لە ژەهرەکان دەدات.
بەڵام، کێشەکە لەوەدایە کە ئەنزیم لە ڕیخۆڵە باریکەدا نییە بۆ هەرسکردنی، بۆیە دەچێتە ناو ڕیخۆڵە ئەستوورەوە، لەوێشدا دەبێتە خۆراک بۆ بەکتریاکان کە دەست دەکەن بە چارەسەرکردن و شی کردنەوەی بە شێوەیەکی چالاک، و غازاتی وەک هایدرۆجین، میسان و دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دەردەکەن، ئەمەش هۆکاری سەرەکییە لەپشت هەستکردنی زۆر کەس بە باکردنی سک (ئاوسانی سک) یان تریشقە و دەنگی ڕیخۆڵە.
سکالنی ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەمە بۆ شەکرەکانیش ڕاستە، بۆ نموونە یەک کیلۆگرام گێلاس نزیکەی 120 گرام شەکری تێدایە، لە کاتێکدا ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی پێشنیار دەکات ڕۆژانە لە نێوان 25 بۆ 30 گرام شەکر بخورێت.
ئەو دەڵێت: "خواردنی بڕێکی زۆر لە فرۆکتۆز (شەکری میوە) بە یەکجار، ڕەنگە کۆئەندامی هەرس ماندوو بکات، لای هەندێک کەسیش، بە باشی لە ڕیخۆڵە باریکەدا نامژرێت، و بەشێکی زۆری دەگاتە کۆڵۆن، لەوێشدا تووشی ترشان (تەخەمور) دەبێت، ئەمەش بە ڕۆڵی خۆی غازات و هەستی ناڕەحەتی زیاد دەکات".
بەپێی وتەکانی ئەو، ئەگەر کەسێک ڕاهاتبوو لەسەر خواردنی بڕێکی کەم لە ڕیشاڵ، پێویستە بڕێکی زۆر لە میوە بە یەکجار نەخوات، بەڵکو باشترە قەبارەی ژەمەکە بە شێوەیەکی پلەبەپلە زیاد بکات، بۆ ئەوەی کات بە جەستە بدات تا خۆی بگونجێنێت، وە ئەگەر کەسەکە دوای خواردنی بڕێکی کەمیش هەستی بە ناڕەحەتی کرد، پێویستە لە خواردن بوەستێت و پشوو بە کۆئەندامی هەرس بدات، بەڵام ئەگەر نیشانەکان توند بوون، باشترە دەستبەجێ ڕاوێژ بە پزیشک بخرێت.
سەرچاوە: ئاژانسەکان
