بەغدا – INA – ویسام مەلا
ئەمڕۆ دووشەممە ، دەستەی دەستپاکی، جەختی کردەوە کە ڕەشنووسی یاسای تایبەت بە گەڕاندنەوەی پارە بەم زووانە پێشکەشی پەرلەمان دەکرێت، لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوە دا کە توانیویانە دەست بەسەر بڕێکی زۆر لە پارەدا بگرن لە دەرەوەی وڵات.
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی گەڕاندنەوە لە دەستەی دەستپاکی و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕیی سندوقی گەڕاندنەوەی پارەکانی عێراق، عەباس موتعیب، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "فەرمانگەکانی دەستەی دەستپاکی، بەتایبەتی فەرمانگەی گەڕاندنەوە، بە یەکێک لە فەرمانگە پێشەنگەکان دادەنرێن لە بواری وەرچەرخانی دیجیتاڵیدا"، ڕوونیشی کردەوە کە "دەستەکە توانیویەتی دەست بەسەر بڕێکی زۆر لە پارەدا بگرێت لە دەرەوەی وڵات، ئەمەش ڕێگر بووە لەوەی ئەنجامدەرانی تاوانەکانی گەندەڵی بتوانن تصەڕوف بەو پارانەوە بکەن".
وتیشی: "دەستەی دەستپاکی، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی داد، کار دەکات بۆ تۆمارکردنی داوای یاسایی مەدەنی بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ئەو پارە دەستبەسەرداگیراوانە، کە بە بڕی زۆر دەخەمڵێندرێن".
ئەوەشی ڕوونکردهوە کە "فەرمانگەی گەڕاندنەوە، بە هەوڵەکانی سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، محەمەد لامی و کادیرانی دەستەکە، سەرکەوتوو بووە لە دەستبەسەرداگرتن و گەڕاندنەوەی پارەکان"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "هیچ یاسایەکی تەواوکاری نییە کە پرۆسەکانی گەڕاندنەوە ڕێکبخات".
ئاماژەی بەوەشکرد کە: "ڕەشنووسی یاسایەکی تایبەت بە گەڕاندنەوە هەیە کە بەم زووانە پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەران دەکرێت"، هاوکات ئاماژەی بەوەش دا کە "فەرمانگەی گەڕاندنەوە لەمساڵدا سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە، و چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا دەستکەوتی زیاتر ڕابگەیەنرێت".

