بەدواداچوون – INA
یاریزانی تۆپی پێی ئەرژەنتینی لۆکاس تریخۆ، کە لە ڕیزی یانەی سپۆرت ماریتیمۆ لا گوایرای ڤەنزوێلیدا یاری دەکات، هاوسەر و دوو منداڵەکەی لەدەستدا بەهۆی ئەو دوو بوومەلەرزەیەی کە هەفتەی ڕابردوو ڤەنزوێلایان هەژاند، کە بە یەکێک لە بەهێزترین بوومەلەرزەکانی ئەو وڵاتە دادەنرێن لە ماوەی زیاتر لە سەدەیەکدا.
بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی (CNN)، تریخۆ سێ ڕۆژی ڕابردووی بە گەڕان لەنێو داروپەروارە ڕووخاوەکاندا بەدوای ئەندامانی خێزانەکەیدا بەڕێکردووە، بەر لەوەی گیانلەدەستدانیان پشتڕاستبکرێتەوە بەهۆی ڕووخانی ماڵەکەیان کە دەڕوانێتە سەر کەنار دەریا لە شاری لا گوایرا، کە یەکێکە لەو ناوچانەی زۆرترین زیانی بەرکەوتووە لەم کارەساتەدا.
ڕیکاردۆ ئاردیلیس، برای هاوسەری یاریزانی ناوبراو ڕایگەیاند کە تریخۆ دوای لەدەستدانی هاوسەرەکەی (یانینا) و دوو منداڵەکەی (ئارۆن و ئاینوا) لە بارودۆخێکی داڕوخانی دەروونی تونددایە.
ئەم یاریزانە تەمەن 38 ساڵە، لە کاتی ڕوودانی دوو بوومەلەرزەکەدا لە کەمپێکی مەشق و ڕاهێناندا بووە لەگەڵ تیپەکەیدا لە کاراکاسی پایتەخت، بەر لەوەی دەستبەجێ ڕوو لە شاری لا گوایرا بکات، کە نزیکەی 29 کیلۆمەتر لە باکووری پایتەختەوە دوورە.
شایەنی باسە دەسەڵاتدارانی ڤەنزوێلا بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکەیان بۆ زیاتر لە 1400 کوژراو ڕاگەیاندووە، لە کاتێکدا هێشتا هەزاران کەس لە دەستەی بێسەروشوێنبوواندان.

