بەغدا – INA

ئەمڕۆ یەکشەممە،عوسمان شەیبانی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، جەختی کردەوە کە هاوپەیمانییەکەی پشتیوانی ڕێکارەکانی حکومەت دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، ئاماژەی بەوەشکرد کە هەنگاوەکانی حکومەت بۆ بەدواداچوونی گەندەڵکاران، پێویستییەکی حەتمییە بۆ پاراستنی سامانی گشتی.

شەیبانی،لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی، تیایدا ڕایگەیاندوە : کە پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ ئەو ڕێکارانە ڕادەگەیەنین کە حکومەت گرتوویەتییەبەر، بە هاوکاری لەگەڵ لایەنە چاودێری و دادوەرییەکان، لە چوارچێوەی هەڵمەتی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەدواداچوونی تێوەگلاوان،ئێمە ئەم هەنگاوانە بە پێویست دەزانین بۆ پاراستنی سامانی گشتی و چەسپاندنی شکۆی دەوڵەت و سەروەری یاسا.

هەروەک وتی: بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و تاڵانکردن و دزینی سامانی دەوڵەت و گەل، بووەتە هۆی لەباربردنی زۆرێک لە پڕۆژە گرنگەکان،و بەفیڕۆدانی تواناکانی وڵات، و بێبەشکردنی هاووڵاتیان لە مافەکانیان لە خزمەتگوزاری و گەشەپێدان، ئەمەش پێویست دەکات بە توندی بەردەوام بین لە لێپرسینەوە لە هەرکەسێک کە تێوەگلانی دەسەلمێنرێت، بەبێ جیاکاری.

جەختیشی کردەوە کە پێویستە ئەم هەڵمەتە بەردەوام بێت تاوەکو گەیشتن بە ئامانجەکانی بە تەواوی، کە لە پێشەنگیاندا گێڕانەوەی هەموو پارە تاڵانکراوەکانە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، و لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران بەپێی یاسا، دوور لە هەر لێبوردن یان موجامەلە یان گوشاری سیاسی.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا دەشلێت : سوپاس و پێزانینمان ئاراستەی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەین، لەسەر پشتیوانی و بەدواداچوونی بەردەوامیان بۆ دۆسیەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.