بەغدا – INA

هەڵمەتی حکومی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کاتژمێر بە کاتژمێر بەرز دەبێتەوە، بە پشتیوانی فراوانی جەماوەری و پەرلەمانی و بە پشتگیری ڕێوشوێنی توندی دادوەری کە ئامانجیان ئەو کەسانەیە لە کەیسەکانی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتیدا تێوەگلاون.

ئەم هەنگاوانە پێشوازییەکی فراوانی لەلایەن کەسایەتییە سیاسی، و پەرلەمانی،و ئەمنی،و ئەکادیمی و میدیاییەکانەوە لێکراوە، لەگەڵ داواکاری بۆ بەردەوامبوونی ڕێکارەکان و فراوانبوونی مەوداکەیان تاوەکو هەموو تێوەگلاوان بەبێ جیاکاری بگرێتەوە،بە جۆرێک کە متمانەی هاووڵاتیان بە دەوڵەت بەهێز بکات و سەروەریی یاسا بچەسپێنێت.

لەوبارەیەوە ، شبل زەیدی، سەرۆکی هاوپەیمانی خزمەت، جەختی لەوە کردەوە کە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە ڕووی گرنگی و مەترسییەوە کەمتر نییە لە جەنگی دژ بە داعش و تیرۆر، چونکە گەندەڵی دەمارەکانی دەوڵەت دەبڕێت و ڕێگری لە گەشەکردنی دەکات.

زەیدی لە تویتێکدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بەدواداچوونی بۆ کردووە، دەڵێت : بڕیارەکانی حکومەت و ئەو ڕێڕەوە چاکسازییەی ،عەلی فالح زەیدی ،سەرۆک وەزیران گرتوویەتەبەر،ئومێدێکی گەورە بە قۆناغێکی سیاسیی نوێ دەبەخشێت کە تێیدا یاسا سەرووی هەمووان بێت و دەستی دەستدرێژیکەرانی سەر سامانی گشتی ببڕدرێت.

زەیدی جەختی لە پشتیوانیکردنی حکومەت کردەوە و ڕۆڵی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و هاوکارییەکەی لەگەڵ حکومەت و دەسەڵاتی دادوەری بۆ سەرخستنی هەڵمەتی چاکسازی بەرز نرخاند.

پەیوەست بەو کەیسە، ئەندامی وەفا تائی،ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، دووپاتی کردەوە کە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گێڕانەوەی سامانی گشتی ئەولەوییەتێکی نیشتمانییە کە هەڵگری سازش یان جیاکاری نییە.

تائی،بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی وت : هیچ پارێزبەندییەک بۆ گەندەڵکار نییە و هیچ بە ئامانجگرتنێکیش لە دەرەوەی چوارچێوەی دادگا نییە.

ووتیشی : عێراق متمانەی هاووڵاتیانی خۆی دەگەڕێنێتەوە بە دادگاییکردنی هەرکەسێک کە تاوانەکەی بسەلمێندرێت، هەر پلە و پۆستێک یان سەر بە هەر لایەنێک بێت.

هەر پەیوەست بەو کەیسە، پەرلەمانتار محەمەد جاسم خەفاجی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران،پشتیوانیی خۆی بۆ هەر هەنگاوێکی حکومی دەربڕی کە ئامانجی جەنگان دژ بە گەندەڵی و دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی بەفیڕۆدانی سامانی گشتییە.

خەفاجی،بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ووت: ئەنجومەنی نوێنەران چەند ساڵێکە لەسەر ئەم دۆسیەیە کار دەکات، و داواشی لە حکومەت کرد دۆسیەی ئەو وەزارەتانە بکاتەوە کە گومانی گەندەڵییان لەسەرە، بەتایبەت ئەو گرێبەستانەی پەیوەستن بە وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری، لەوانە گرێبەستەکانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ و چەک و کڕینی ئۆتۆمبێل و فڕۆکە.

داواشیکرد : ڕێکارەکان بە درێژایی ئەم خولەی حکومەت و هاوشانی کارەکانی دەسەڵاتی دادوەری بەردەوام بن.

لەسەر هەمان پرس ، شارەزای ئەمنی ، فازڵ ئەبو ڕەغیف، هەڵمەتی دەستگیرکردنەکانی بە یەکەم هەڵمەت وەسف کرد کە لە ساڵی 2003ـەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق جێبەجێی کردبێت و پشتیوانییەکی ڕوونی ڕێکارە دادوەرییەکانی هەبێت.

ئەبو ڕەغیف ، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ووت: ئەم هەڵمەتە دەبێتە ئامرازێکی بەرپەرچدانەوە بۆ هەرکەسێک کە ویستی دزیی سامانی گشتی هەبێت، و جەختیشیکردەوە : کە عەلی فالح زەیدی ، سەرۆک وەزیران سوورە لەسەر گێڕانەوەی پارە دزراوەکان و خستنە ناو خەزێنەی گشتی.

ئاماژەی بەوەشکرد : کە دادگای عێراق لە لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە کەیسەکانی دزینی سامانی گشتی بەردەوامە.

هەر لەم بارەیەوە، شارەزای ئەمنی ، سەرمەد عەبدول ئیلاه، هەڵمەتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی گەندەڵی بە هەنگاوێک وەسف کرد کە گەلی عێراق زۆر چاوەڕوانی بوون.

عەبدول ئیلا ، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی وت: هیوادارین جێبەجێکردنی یاسا و بەدواداچوونی تێوەگلاوانی گەندەڵی و گێڕانەوەی پارەکان بۆ خەزێنەی دەوڵەت بەردەوام بێت، و جەختیشی کردەوە لە پشتیوانیکردنی ڕێکارەکانی حکومەت بۆ بەدواداچوونی گەندەڵکاران.

لە لای خۆیەوە، عەبدولڕەحمان شێخلی،شیکەرەوەی دارایی و ئابووری ،بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی وت : دۆسیەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی شتێکی تازە نییە، بەڵکو وەڵامێکە بۆ ویستێکی بەهێز کە بەهۆی دەرهاویشتەکانی گەندەڵیی دارایی و کارگێڕییەوە سەپێنراوە، گەندەڵییەک کە بە پێی قسەکانی ئەو بووەتە هۆی ئەوەی کاریگەری لەسەر هەموو جومگەکانی دەوڵەت هەبێت و ببێتە ڕێگری لە گەشەپێدان و قەیرانی دارایی دروستکردوە، تەنانەت تیرۆر و دەرچووانی یاسا پارەدار بکات و ڕێگری لە دەوڵەت بکات لە پەرەپێدانی تواناکانی.

ووتیشی : گەندەڵی لە ڕووی مەترسییەوە کەمتر نییە لە تیرۆر، بەڵکو لە هەندێک کاتدا لەوەش مەترسیدارترە.

ئاماژەشیبەوە کرد : کە هەماهەنگیی ویستی سیاسی لەگەڵ پشتیوانیی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بەشداری کردووە لە دەستپێکردنی ئەم ڕێکارانە.

شێخلی، پێشبینی کرد کە لێکۆڵینەوەکان ناوی کەسایەتی دیکە ئاشکرا بکەن کە لە دۆسیەکانی گەندەڵیی گەورەدا تێوەگلاون، بە جۆرێک کە بەشداری بکات لە باشترکردنی دۆخی دارایی دەوڵەت و توانای بۆ جێبەجێکردنی پابەنداییەکانی.

لە لای خۆشیەوە، شیکەرەوەی سیاسی ، مەنقز داغەر ، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی وت : هەڵمەتی دەستگیرکردنەکان هەنگاوێکی گرنگە بە ئاراستەی دروست و هیوای خواست لە ئاستە کارگێڕییە دیاریکراوەکان ڕانەوەستێت، بەڵکو درێژ بێتەوە بۆ کەسایەتیی پلە باڵاتر ئەگەر تاوانی گەندەڵییان بەسەردا ساخ بووەوە.

ڕوونیکردەوە : کە بەردەوامبوونی ئەم ڕێکارانە تەنها ڕێگایە بۆ گێڕانەوەی متمانەی هاووڵاتی بە دەوڵەت، ئەو متمانەیەی کە پێیوایە لە ساڵانی ڕابردوودا پاشەکشەی کردووە.

هەر لەدرێژی ڕاو بۆچوونەکان، مامۆستای زانکۆ ، عەلا مستەفا،بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) وتی: ڕاپرسییەکی خێرا بۆ کاردانەوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تێکەڵاوبوونی ڕاستەوخۆم لەگەڵ خەڵکدا دەرخەری ئەوەیە کە پشتیوانییەکی فراوان بە ڕێژەی 100% بۆ هەڵمەتەکە هەیە، و بە هەڵمەتی بەرەبەیانی سپی وەسفی کرد کە سەرەکانی گەندەڵی کردووەتە ئامانج.

ووتیشی : ئەم هەنگاوە بە یەکێک لەو ڕێکارانەی حکومەت دادەنرێت کە لە ساڵانی ڕابردوودا زۆرترین پشتیوانیی جەماوەری بەدەستهێناوە، و بەوەی دەخرێتە ئەستۆی سەرۆک وەزیران، بە تایبەت کە لە دەرەوەی حزبە سیاسییە باوەکانەوە هاتووە.

هەروەها بە بۆچونی ئەو هەماهەنگی نێوان سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی باڵای دادوەری فاکتەرێکی بنەڕەتی بووە لە سەرکەوتنی هەڵمەتەکەدا، و ئاماژەی بەوەشکرد کە بەشداریکردنی دادوەرانی نەزاهە لەناو لیژنەی گێڕانەوەی پارەکاندا سەربەخۆیی زیاتری پێ بەخشیوە.

هەروەک پێشبینیکرد: کە ئەم هەڵمەتە دەستپێکی زنجیرەیەک ڕێکار بێت کە ببێتە هۆی گێڕانەوەی پارە گشتییەکان و بەهێزکردنی شکۆی دەوڵەت و چەسپاندنی بنەمای پاراستنی سامانی گشتی.

لە هەمان چوارچێوەدا، میدیاکار و سەرنووسەری گۆڤاری ئۆر، عەدنان عەزیز، جەختی کردەوە کە کاتی ئەوە هاتووە بۆ ئەوەی گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە لە دۆسیەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بکرێت.

عەزیز، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی وت: پێویستە هەڵمەتەکە تەنها لە ناوی دیاریکراودا نەمێنێتەوە، بەڵکو هەموو ئەوانە بگرێتەوە کە لە ساڵی 2003ـەوە تا ئەمڕۆ لە گەندەڵیدا تێوەگلاون، و داواشی کرد ستراتیژییەکی نیشتمانیی گشتگیر بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی پەسەند بکرێت.

هەروەک جەختی کردەوە کە سەقامگیریی عێراق پێویستی بە دادگاییکردنی ئەو سەرە گەورانەیە کە بە قسەی ئەو ، هۆکاری سەرەکی بوون لە گەندەڵی و کاولکاری. هاوکات هاوسۆزیی خۆی بۆ ڕێکارەکانی حکومەت و پشتیوانیی خۆی بۆ بەردەوامبوونیان دەربڕی.