بەغداد – INA – محەمەد تالیبی

ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی گواستنەوە پلانێکی بۆ گواستنەوەی پێچەوانەی زیارەتکاران (گەڕانەوەیان بۆ شارەکانی خۆیان) لە پارێزگای کەربەلای پیرۆز لە ماوەی زیارەتی دەیەمین ڕۆژی مانگی موحەڕەمدا ڕاگەیاند، هاوكات جەختی لە خستنەگەڕی تەواوی تواناکانی کردەوە بۆ مسۆگەرکردنی گەڕانەوەی زیارەتکاران بۆ بەغداد و پارێزگاکانی دیکە.

کەریم کازم حەسەن بەڕێوبەری گشتی کۆمپانیای گشتی گواستنەوەی سەرنشینان و وەفدەکان، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕایگەیاند: "وەزارەت پلانێکی گشتگیری بۆ زیارەتەکە ئامادەکردووە کە خۆی لە دابینکردنی 250 پاسدا دەبینێتەوە، بەجۆرێک 100 پاس لەسەر تەوەری بەغداد و 150 پاس لەسەر تەوەری کەربەلا جێگیرکراون"، ئاماژەی بەوەش دا کە "ئەم ژمارانە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بە ڕێژەی 25% زیادیان کردووە، ئەوەش بەهۆی پێشبینییەکان بۆ زیادبوونی ژمارەی زیارەتکاران."

وتیشی: "پاسەکان بەسەر هەردوو تەوەرەکەدا دابەشکراون، و لەلایەن کادرانی کارگێڕی، تەکنیکی و ڕاپەڕاندنەوە یاوەری دەکرێن، و ماوەی دوو ڕۆژیشە لە ڕێگەی دوو ناوەندی کۆبوونەوەوە دەستیان بەکارکردووە؛ یەکەمیان لە گۆڕەپانێکی نوێی تایبەت لەسەر تەوەری بەغداد، و دووەمیان لەسەر ڕێگای کەربەلا – حیللە، کە هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی هاتنی لێشاوی زیارەتکاران بۆ شارە پیرۆزەکە، پرۆسەی گواستنەوەکەش دەستی پێکردووە."

ڕوونیشی کردەوە کە "لە ئێستادا ئۆتۆمبێلەکان لە کاتەکانی قەرەباڵغی و لوتکەدا کار دەکەن، بەتایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕێوڕەسمی (ڕاکردنی تتوێریج) و کۆتایی هاتنی زیارەتەکە"، جەختیشی کردەوە کە "تەواوی پاسەکان لە ماوەی گواستنەوەی پێچەوانەدا دەخرێنە ئامادەباشییەوە بۆ دابینکردنی گواستنەوە لەسەر هەردوو تەوەرەکە."

ئاماژەی بەوەش دا کە "ژمارەی پاسەکان بەسە بۆ گواستنەوەی سەرجەم زیارەتکاران بۆ بەغداد و پارێزگاکانی دیکە لە چوارچێوەی پلانی گواستنەوەی پێچەوانەدا، کە چەندین پاسی شین بۆ گواستنەوەی سەرنشینانی نێوان شارەکان و پاسی ناوخۆیی تریش لەخۆدەگرێت."

حەسەن ڕوونی کردەوە کە "کارەکان بە هەماهەنگییەکی گەورە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەربەلا و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان لە چوارچێوەی لیژنەی باڵای زیارەتەکەدا بەڕێوەدەچن کە کۆبوونەوەکانی بە بەردەوامی ئەنجام دەدات"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "وەزیری گواستنەوە لە ڕێگەی پەیوەندی ڕاستەوخۆوە بە شێوەی شەو و ڕۆژ بەدواداچوون بۆ بەڕێوەچوونی کارەکان دەکات، لەگەڵ هەبوونی تیمەکانی بەدواداچوونی مەیدانی لە ناو پارێزگاکەدا."

لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە "خزمەتگوزارییەکانی گواستنەوە بە شێوەی 24 کاتژمێری بەردەوام دەبن تاوەکو کۆتاییهاتنی تەواوەتی گواستنەوەی سەرجەم زیارەتکاران، و کارکردنی پاسەکانیش تەنانەت دوای کۆتاییهاتنی زیارەتەکەش بەردەوام دەبێت بۆ مسۆگەرکردنی چۆڵکردنی شارەکە و گواستنەوەی زیارەتکاران بە سەلامەتی بۆ ناوچەکانی خۆیان."