کەربەلای پیرۆز – INA – عەباس ڕەحیمی
ئەمڕۆ هەینی، وەزیری نەوت باسم محەمەد خەزیر، دابینکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی (سووتەمەنی) بۆ زیارەتکاران و موکێبە خزمەتگوزارییەکان لە پارێزگای کەربەلای پیرۆز پشتڕاستکردەوە، هاوكات ستایشی ئەو ههوڵانەشی کرد کە لەلایەن لایەنە حکومی و خزمەتگوزارییەکانەوە بۆ سەرخستنی زیارەتی عاشوورا دەدرێن.
خەزیر لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە کەربەلای پیرۆز سازی کرد و پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ئامادەی بوو، ڕایگەیاند: "سەرەخۆشی لە گەلی ئازیزمان، تەواوی گەلانی جیهان، مەرجەعیەتی باڵا، حکومەتەکەمان و سەرجەم دڵسۆزان دەکەین بەبۆنەی یادی عاشووراوە، کە تێیدا بەهاکانی قوربانیدان و لەخۆبردوویی بەبیر خۆمان دەهێنینەوە، کە ئێمە لە ئێستادا زۆرترین پێویستیمان بەوەیە ئیلهام لەم بەهایانە وەربگرین بۆ کارکردن بە دڵسۆزییەوە."
وتیشی: "ئەمڕۆ سەرجەم فەرمانگەکانی وەزارەت لە کەربەلای پیرۆز کار دەکەن بۆ دابینکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ سەرجەم زیارەتکاران و موکێبە خزمەتگوزارییەکان، هەروەها هەوڵێکی گەورە لەلایەن کادرە دڵسۆزەکانەوە دراوە کە شەو و ڕۆژیان خستووەتە سەر یەک بۆ سەرخستنی ئەم زیارەتە"، جەختیشی کردەوە کە "وەزارەتی نەوت بەڵێن بە گەلی عێراق دەدات بەردەوام بێت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان، و تەنها لە دابینکردنی نەوتدا کورت نەبێتەوە، بەڵکو کار بکات بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە جیاوازەکان بەجۆرێک کە ئاسوودەیی و بەختەوەری هاوڵاتیان بەدی بهێنێت."
خەزیر لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "ستایشی هەوڵەکانی حکومەتی خۆجێی کەربەلای پیرۆز دەکەین بۆ ئەو کارە گەورە و گرنگەی کە لە بەڕێوەبردن و ڕێکخستنی زیارەتەکەدا پێشکەشی کردووە"، هاوكات سوپاسی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران عەلی فالح ئەلزەیدی کرد بۆ پاڵپشتیکردنی و دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکانی بەرهەمە نەوتییەکان.
وەزیری نەوت جەختیشی لەوە کردەوە کە "وەزارەت چەندین پلانی هەیە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی کارەکانی لە بواری دابینکردنی بەرهەمە نەوتییەکاندا."
